جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگهیاند: ھەر لە سەرەتاوە گووتومانە، یەكێك لە ئامانجەکانمان چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی گشت كێشە هەڵپەسێرداوەکانە.
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی دیدارێکدا دەڵێ "حكوومەتی عێراق تانەی لەسەر هیچ بڕگە و ماددەیەکی یاسای بوودجە نەبووە، چونکە پێش ئەوەی بڕگە و ماددەکانی پڕۆژەكە دەنگی لەسەر بدرێت حكوومەت رەزامەندی لەسەر داوە کە ئەمەش بە خاڵێكی ئەرێنی دادەنرێت".
هەروەها گووتی"لە خولی دووەمی پەرلەماندا پرسی ئەو وەزارەتانەی کە هێشتا ماونەتەوە یەكلا دەکرێنەوەو و دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكانیش هەڵبژارێردرێن، گرنگترین پڕۆژەش کە دەبێت کارێ لەسەر بکرێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعشە".
حەداد ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ململانێی سیاسی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نەتوانرا لە خولی یەكەمی پەرلەماندا هیچ یاسایەك دەربكرێت، تەنانەت دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكانیش هەڵنەبژێردران.
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گووتیشی "ھەر لە سەرەتاوە گووتومانە، یەكێك لە ئامانجەکانمان چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی گشت كێشە هەڵپەسێرداوەکانە، بۆیە لەگەڵ گشت لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان كۆدەبینەوە، تێڕوانینی لایەنە عێراقییەكانیش بەرامبەر ھەرێم گۆڕانكاری باشی بەسەردا هاتووە".
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش كرد: "پێویستە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەبیر نەكەین، چونکە كارەكانی بۆ ئێمە ئاسان كردووە".
هەروەها گووتی "ئێمە بە یاسا پشكی ھەرێمی كوردستانمان دیاری كردووە، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان دڵنیا بن کە مووچەیان بۆ رەوانە دەكرێت و زەمانەتەكەشی یاسای بوودجەیە".
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.