منداڵیكی دیکەی ونبووی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه لە ساڵی 1988، خێزانەکەی دۆزیوەتەوە و ئەمڕۆ بە دایک و کەسوکارەکەی شاددەبێتەوە.
لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه رایگه‌یاند "ئەو گەنجە لە ئێران ناوی (محەممەد ئەمین)ـە، ماوەیەک پێش ئێستا پەیوەندی پێوە کردین و گوتی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ونبووم".
مانگی رابردوو محەممەد ئەمین گەڕێندراوەتەوە هەڵەبجە و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، دواتریش گەڕاوەتەوە ئێران، ئێستا ئەنجامەکەی دەرکەوتووە کە کوڕی یەکێک لە خێزانەکانی هەڵەبجەیە.
لوقمان عەبدولقادر گوتی "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە خێزانێک بەڵگەنامەکانیان هێنا و گوتیان کوڕی ئێمەیە، دایکی کوڕەکەش نەیتوانی چاوەڕوانی دووبارە گەڕانەوەی کوڕەکەی بکات و ئێستا لە ئێرانە و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بەیەک شاددەبنەوە".
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەنجە ناوی (خەلیل)بووە، بەڵام خانەوادەکەی لە ئێران ناویان لێناوە (محەممەد)، خەڵکی شارۆچکەی بیارەیە. ئێستا تەمەنی 31 ساڵە و بەشی پزیشکی دادی تەواوکردووە.
بڕیارە ئەمرۆ له تاران بە چاودێری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، رێوڕەسمێکی بەیەکدی شادبوونەوەیان ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.