Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 14:49

دڵشاد شەهاب: پارتی هەوڵی جدی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسەییەکان ده‌دات

نابێت پێكهێنانی حكوومەت بەهۆی كێشە نێوخوییەكان دوابخرێت
کوردستان TV
#7
100%


ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: پارتی رۆڵێكی كاریگەر و ئەرێنی لە دانوستاندنەكاندا بینییوە بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتیی، بەڵام هیچ بڕیارێك نەبووە كە پارتی بەبێ یەكێتیی حكوومەت پێكبهێنێت پارتی پێش سێ مانگ دەیتوانی بەبێ یەكێتیی ئەوە بكات.

لە دیدارێكی ئەكادیمی و سیاسی بۆ سیاسییەكانی كوردستان، دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە پێك نەهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ باری نایاسایی هەرێمی كوردستان و پێچەوانەی هەموو ئەو رێكەوتنانەیه كە پێشتر كراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممه‌، دڵشاد شەهاب لە شارۆچكەی ئامێدی لە دیدارێكی ئەكادیمی رایگه‌یاند: بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و بگەینە رێكەوتن بۆ ماوەی یەك ساڵ هەڵبژاردن دواخرا، لە هەڵبژاردنەكان دا دەركەوت كە تەنیا پارتی لەگەڵ ئەوە بووە هەڵبژاردن بەرێوە بچێت.

دڵشاد شەهاب گوتی: ناکرێت لەپێناو وەرگرتنی پۆستێک لە بەغدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت سزابدەین.

گوتیشی، ئەو لایەنانەی پێداگیری لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک لە کات و ساتی ئێستا دەکەن، خۆیان ناتوانن بە ئازادی بچنە کەرکووک.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت پرسی کەرکووک وەکو پرسێکی کوردستانی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بکرێت، نەوەک لەسەر بنەمای حزبی.
 
ئاشكرای كرد، پارتی هیچ سكاڵایەك دژی سووتانی دەنگەكانی خۆی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەكردووە، باشترین هەڵبژاردن لە مێژوویی عێراقدا هەڵبژاردنەكانی رابردوو بووە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش.
 
ئاماژەی دا، پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵێكی كاریگەر و ئەرێنی لە دانوستاندنەكاندا بینییوە بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هیچ بڕیارێك نەبووە كە پارتی بەبێ یەكێتیی حكوومەت پێكبهێنێت پارتی پێش سێ مانگ دەیتوانی بەبێ یەكێتیی ئەوە بكات، بەڵام لەبەرچاوگرتنی رەوشی سیاسی كوردستان و فرە حیزبی پارتی حكوومەتی تا ئێستە دواخستووە.
 
دڵشاد شەهاب لە درێژه‌ی قسەكانی ئەوەشی باس كرد كە نابێت پێكهێنانی حكوومەت بەهۆی كێشە نێوخوییەكان دوابخرێت و پارتی هەوڵی جدی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسەییەكانی كوردستان دەكات بو پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام دەبێت ئەوانیش هاوكاربن بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتیان چاوەرێ دواكەوتنی حكوومەت نەكەن، هەڵبژاردنەكان بەبێ كێشە بەرێوەچۆن و پارتی نیەتی ئەوەیان نیە هیچ لایەنێكی سیاسی پشتگوێ بخات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.