Erbil 38°C پێنجشەممە 20 ئاب 12:25

بارزان.. سه‌ردانی چین و توێژه‌کان بۆ مه‌زاری نه‌مران له‌ یادی 40 ساڵه‌ی کۆچی دوایی باوکی رۆحی نه‌ته‌وه‌ی کورد "بارزانی نه‌مر"

رێبازی بارزانی نه‌مر، رێبازی خۆڕاگری و هه‌وڵ بۆ ئازادی و تێكۆشانه‌
بارزان.. سه‌ردانی چین و توێژه‌كان بۆ مه‌زاری نه‌مران له‌ یادی 40 ساڵه‌ی كۆچی دوایی باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد
کوردستان TV
100%

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی كۆچی دوایی مسته‌فا بارزانی نه‌مر سه‌ركرده‌ی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ چین و توێژه‌كانی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مرانیان كرد. 

ساڵانه‌ بۆ رێز گرتن له‌ خه‌بات و به‌رخۆدانی سه‌ركرده‌ و باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد و دووپاتكردنه‌وه‌ی په‌یمان و سۆز له‌گه‌ڵ رێبازی بارزانی نه‌مر به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی كوردستان و كوردستانیانی پارچه‌كانی دیكه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران ده‌كه‌ن و ئه‌و یاده‌ بووه‌ته‌ كه‌ڕنه‌ڤاڵێك بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ و به‌ڵێنی وه‌فاداربوون به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر، هه‌ر له‌و یاده‌دا ئه‌مرۆش وه‌ك هه‌موو ساڵێك هاووڵاتیان و چین و توێژه‌كانی كوردستان و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی و ئاكادیمییه‌كان و هاووڵاتی و كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مرانیان له‌ بارزان كرد و په‌یمانیان به‌ رێبازی بارزانی دووپات كرده‌وه‌. 

هه‌ر له‌سه‌ر مه‌زاری نه‌مران چه‌ندین وتار پێشكه‌ش كران و باس له‌ رۆڵ و خه‌باتی سه‌ركرده‌ی گه‌لی كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا كرا. 

هه‌ر له‌و یاده‌دا عه‌لی عه‌ونی به‌رپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ وتارێكدا له‌سه‌ر مه‌زاری نه‌مران رایگه‌یاند: رێبازی بارزانی نه‌مر، رێبازی خۆڕاگری و هه‌وڵ بۆ ئازادی و تێكۆشانه‌ و ئه‌و رێبازه‌ ئێستا بووه‌ته‌ ده‌رس و ئه‌خلاق و بووه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگا. 

هه‌روه‌ها عوسمان ئۆجه‌لان كه‌سایه‌تی سیاسیی له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ هاتووینه‌ ئێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یمانی خۆمان له‌گه‌ڵ رێبازی بارزانی نه‌مر نوێ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زانین ئه‌مرۆ له‌ هه‌ر رۆژێكی دیكه‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیزیكتره‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.