ئەمڕۆ لە شاری هەولێر و لە قوتابخانەی كۆبانێی بنەڕەتی مەراسیمێك بۆ ڕێزگرتن لە چەند مامۆستیێكی ماندوونەناسی قوتابخانەكە ئەنجام درا.
دوای پێشكەشكردنی چەند گۆرانییەكی خۆشی كوردی لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەكە ، وەزیری پەروەردە وتەیەكی پێشكەش كرد.
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەكەیدا گوتی : كوردستان وڵاتی خۆتانە و پایتەختەكەشی شار و پایتەختی خۆتانە و ئومێدمان وایە بە زووتری كات و سەربەرزانە بگەڕێنەوە نیشتمان، ئێمەش وەك هەر گەلێكی دیكەی دونیا پێمان خۆش بوو بە شادی و ئاشتی لە شار و نیشتمانەكەمان بژین، بەڵام قەدەری كورد بە درێژایی مێژوو وا بووە كە ئاوارە و پەنابەر بێت، بەڵام ئێستا هیوادارین بە خوێن و ماندووبوونی پێشمەرگە و سیمبوولی نەتەوییمان بگەینە ئامانجی گەورە و كۆتایی و لە وڵاتەكەمان بە هێوری بژین .
وەزیری پەروەردە روونیشیكردەوە كە ئێمە وەك وەزارەتی پەروەردە بۆ خزمەتی ئاوارە و پەنابەران لەگەڵ ڕێكخراوەكان دریغیمان نەكرووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی نێودەوڵەتی بە پێی پێویست نەبوو و سەرەرای ئەوەی ئاوارە و پەنابەرێكی زۆر لە عێراق و ڕۆژاوا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەوڵمان دا بە باشترین شێوە خزمەتیان بكەین.
پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە درێژەی وتەكانیدا گوتی : ئەمە ئەركی ئێمەیە و شەرەفێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستان كە خزمەتی ئێوە بكەین، هەرچەندە لە مانگی یەك گرێبەستی مامۆستاكان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی دێت، بەڵام ئێمە وەك حكومەتی هەرێم هەوڵ دەدەن كە گرێبەستەكان نوێ بكەینەوە تا خزمەتی زیاتری ئەم منداڵە چاوگەشانە بكەن .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.