Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 11:22

سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان ئیدانه‌ى سه‌ربڕینى کچانی ئێزدی له‌ باغۆز ده‌کات

داعش 50 كچ و ژنی كوردى ئێزدیى به‌شێوه‌یه‌كى دڕندانه‌ سه‌ربڕیوه‌
کوردستان TV
#7
100%


سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاویكردۆته‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی سه‌ربڕینی  50 كچ و ژنی كوردى ئێزدی له‌لایه‌ن تێرۆریستانی داعش له‌ باغۆزى سوریا ده‌كات و داوا له‌ حكومه‌تى فیدراڵیى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات رێوشوێنى یاسایی و پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانییه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ى سه‌ربڕینى  كچانی ئێزدی له‌ باغۆز ده‌كات
رۆژبه‌ڕۆژ رێكخراوى تیرۆریستیی داعش به‌ره‌و لاوازى و له‌ناوچوون ده‌چێت، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، رۆژانه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر چه‌ندین تاوانى نه‌گریسی ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌، دوا تاوانیش ئاشكرابوونى كوشتنى ژماره‌یه‌ك ژن و كچی پاكیزه‌ى كوردانى ئێزدییه‌ له‌شارى باغۆزى سوریا.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازى و میدیاییه‌كانى به‌ریتانیا داعش 50 كچ و ژنی كوردى ئێزدیى به‌شێوه‌یه‌كى دڕندانه‌ سه‌ربڕیوه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ جارێكى تر تاوانه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانى رێكخراوى  تیرۆریستیى داعشمان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌دژی كوردانى ئێزدى و سه‌رجه‌م ئاین و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ئه‌نجامیاندا.

له‌كاتێكدا به‌ناوى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان زۆر به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ى تیرۆریستانی داعش ده‌كه‌ین كه‌ له‌گوندى (باغۆز)ی سه‌ربه‌پارێزگاى دێرزورى سوریا دژی ژماره‌یه‌ك له‌خوشكان و كچانی كوردى ئێزدى ئه‌نجامیانداوه‌، هاوكات داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تى فیدرالیى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین به‌داواداچوون و رێوشوێنى یاسایی و پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانییه‌كان و به‌دۆكیۆمێنتكردنى به‌ڵگه‌نامه‌كانى ئه‌م تاوانه‌و سه‌رجه‌م تاوانه‌كاتى ترى رێكخراوى تیرۆریستیی داعش به‌تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ناو ده‌برێن وه‌كو تاوانه‌كانى جینۆساید و تاوانه‌كانى  دژ  به‌ مرۆڤایه‌تى  و تاوانه‌كانى  جه‌نگ .

سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان
2019/3/3

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.