دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی سوكایەتیكردن بەدوو كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەهۆی ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادگا بۆیە دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدی دەركردووە.
ڕوونکردنەوەیەك بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن
ڕۆژی 2018/5/3 لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەمەقاڵێیەک دروستدەبێت لەنێوان هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحید) و چەند کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە.. دواتر دوو کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانە سکاڵا لەدژی ناوبراو تۆمار دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەلایەن ناوبراوەوە بێڕێزییان پێکراوە و ئیهانە کراون و جنێو و سوکایەتییان پێکراوە لەکاتی ئەنجامدانی کاری فەرمی خۆیان.. دواتر لەلایەن کارمەندێکی مەدەنی کۆمپانیایەکی ئەهلی بواری فڕۆکەوانی بەهەمان شێوە سکاڵا لەدژی ناوبراو تۆمارکراوە بە تۆمەتی جنێو و سوکایەتی و قسەی نەشیاو.
دوای ئەوەی هەر لە مانگی ۲۰۱۸/٥ وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی ناوبراو کرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەکەوە نەهات بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکرد..
ئەمە کورتەی ئەو بابەتەیە کە کراوەتە بابەتێکی میدیایی و دەویسترێ ڕای گشتی پێ چەواشە بکرێت و بابەتەکە بەشێوازێکی تر پیشان بدرێت، بۆیە پێویستە هەموولایەک بزانن کە:
۱- تۆمەتبار بێتاوانە تا لەبەردەم دادگایەکی تایبەتمەند تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
۲- یاسا سەروەر و سەرداری هەموو کەسێکە بەبێ جیاوازی و فەرمانەکانی دادگا پێویستە جێبەجێ بکرێت، بۆیە هاتنە بەردەم دادگا جێگەی منەتکردن و بەپیاوەتی دانان نییە.
۳- دادگا بەهیچ شێوەیەک کاری سیاسی ناکات و کاری پیشەییانەی خۆی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام دەدات.
٤- فەرمانی دەستگیرکردنی هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحد) پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە نییە وەکو سەرۆکی پارتێکی سیاسی، بەڵکو لەسەر دوو سکاڵایە کە دژی خودی خۆی تۆمارکراوە، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە.
٥- لە دۆسیەی سکاڵای دوو کارمەندەکەی ئاسایشی فڕۆکەخانە کە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازاد کراوە، و لە دۆسیەی کارمەندی کۆمپانیاکە کە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
٦- باش نییە ئەوکەسانەی شارەزایی یاساییان نییە قسە لە کەیسە یاساییەکان و کاروباری دادگادا بکەن.
۷- داوا لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە کەیسەکە بەلاڕێدا نەبەن و بەشێوەیەکی ناڕاست و نادروست پیشانی هاووڵاتیانی نەدەن، چونکە وەک لە سەرەوە ڕوونکراوەتەوە کەیسەکە بابەتێکی یاسایی ئاساییە و پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە.
لەگەڵ ڕێزدا.
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.