یەكێك لە یاریە كلاسیكیە جیهانیەكان لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكان یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ئەڵمانیایە كە هەوادارانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان بەردەوام تامەزرۆی یاریەكی بەهێزن لە نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە ، جارێكی دیكە هەردوو هەڵبژاردە كەوتنە یەك گروپی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بۆ یاریەكانی یۆرۆی 2020 ئەوەش مانای ئەوەیە كە لەساڵی 2019 دوو یاری لەنێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە دەبینین كە تاموچێژی راستەقینەی تۆپی پێمان پێ دەبەخشێت ، لە مێژوودا چەندین یاری لە نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە ئەنجامدراوە ، بەڵام هەموو جیهان باسی یاری كۆتایی مۆندیالی 1974 دەكەن لەسەردەمی هەردوو ئەستێرە یۆهان كرۆیف و فرانز بیكنباوەر كە ئەڵمانیاكان بە ئەنجامی 2-1 براوە بوون ، من ئەم یاریەم لەساڵانی نۆهەدەكان بینی چونكە لەكاتی خۆی پەخشی راستەوخۆ نەبوو بەڵام هاوكارم جەلال پەرێشان باسی ئەوە دەكات كە ئەو كات لە دوای تەواوبوونی مۆندیال ئەم یاریەی لە هۆڵێكی سینەما لە هەولێر بینیوە ، یەكەم یاری نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیەم بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەیركردبێت ، لە مۆندیالی 1978ی ئەرژەنتین بوو كەلەرێكەوتی 18/6/1978 بوو لە قۆناغی دووەم كە دووبارەی یاری كۆتایی مۆندیالی 1974 بوو ، یاریەكە زۆر بەهێزبوو بەئەنجامی 2-2 كۆتایی هات و هۆڵەندا لەم مۆندیالەش گەیشتە یاری كۆتایی و بەرامبەر ئەرژەنتین دۆڕا .
لەیۆرۆی 1980 لە وڵاتی ئیتالیا هەردوو هەڵبژاردە لەیەك گروپ بوون ، ئەو كات ئەڵمانیا زۆر بەهێز بوو بەڵام ئەم یاریەش لوتكە بوو ، ئەڵمانیا 3-2 یاریەكەی بردەوە و كلاوس ئەلۆفس هاتریكی تۆماركرد و دواتر ئەڵمانیا جامەكەی بردەوە ، لەساڵی 1988 ئەڵمانیا میوانداری یاریەكانی یۆرۆی كرد ، ئەڵمانیا خاوەن كۆمەڵێك ئەستێرە بوو وەك لۆتەر ماتیۆس و كلینزمان و ڤۆلەر لەهەمان كاتدا هۆڵەدا هەڵبژاردەیەكی بەهێزی دروستكردبوو لە كۆمەڵێك ئەستێرە وەك ڤان باستن و گۆلێت و فرانك ریكارد و رۆناڵد كویمان كە ئێستا راهێنەری هۆڵەندایە ، لەرۆژی 21/6/1988 هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناغی پێش كۆتایی بەیەك گەیشتن ، ئەڵمانیا لە خولەكی 55 گۆڵی یەكەمی تۆماركرد لە رێگای ماتیۆس بەڵام هۆڵەندا بە دوو گۆڵ وەڵامی دایە لە خولەكەكانی 74 و 88 لەرێگای یاریزانان رۆناڵد كویمان و ڤان باستن و گەیشتە یاری كۆتایی و جامەكەی بردەوە .
لە مۆندیالی 1990 هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناغی 16 بەیەك گەشتن ، یاریەكە توندوتیژی بەخۆیەوە بینی بەڵام ئەڵمانیا لەگەڵ راهێنەر بیكنباوەر زۆر بەهێز بوو یاریەكەی بەئەنجامی 2-1 بردەوە و دواتر مۆندیالەكەشی بەدەست هێنا .
ئەم یاریانە بەشێكن لە یادگاریەكانی یاریەكانی هۆڵەندا و ئەڵمانیا كەدەرفەتی سەیركردنی راستەوخۆی ئەم یاریانەم هەبووە و هەر لەیادم ماوەتەوە وەك ئەوەی ئێستا سەیری یاریەكانم كردبێت ، بەراستی چێژی تۆپی پێ لەم یاریانە بەدی دەكرا ، ئەم دوو هەڵبژاردەیەش كانیاوی بەرهەمهێنانی یاریزانن بۆیە تا مێژووی تۆپی پێ بەردەوام بێت یاری نێوان هۆڵەندا و ئەڵمانیا وەك كلاسیكۆیەكی جیهانی ئەم یاریە جەماوەریە بەردەوام دەبێت .
هیوادارم یاریەكەی شەوی یەكشەممە 24/3/2019 یەكێك بێت لەو یاریانەی كە لەیادگاریەكانی هەوادارانی تۆپی پێ بمێنێتەوە .
سالار جەلال
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.