نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی وەڵامی چەند گوتەیەکی حەیدەر عەبادی، دەداتەوە و دەڵێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان چۆن خەونی ناحەزان و ڕژێمەكانی پێشووی لەگۆڕ نا ئەوەهایش بە قارەمانێتیی خۆی پیلانە نەگریسەی عەبادی لەگۆڕ نا و خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا.
دهقی وهڵامهكهی بارهگای بارزانی بۆ عهبادی:
وەڵامێك بۆ وتەكانی عەبادی
حەیدەر عەبادی سەرۆكی یەكێك لە كوتلەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دیجلە كە ڕۆژی شەممە 23ـی 3ـی 2019 بڵاوكراوەتەوە، بەداخەوە هەندێ قەزاوەت و قسەی نابەجێی لەبارەی كەركووك و پێشمەرگە و گەلی كوردستان خستووتەڕوو كە مەبەست لێی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەیە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردووە.
بۆ هەموو لایەك ڕوونە كە پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی و هەموو ئەوانەی تریان سزا دا كە بەنیازی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی پێكەوەژیان بوون و لە بەرانبەر گەلی كوردستان حاقد بوون و پێشێلكاریی دەستووری و تاوانیان لە كەركووك و دوز ئەنجام دا و لە هەمانكاتدا گەلی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا پاداشی پێشمەرگە و بەرگریكارانی كوردستانیان دایەوە.
عەبادی كەسێكی بێ وەفا بوو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بە موسڵ نەدەكەوت بۆ ئەوەی بتوانێ سەركەوتن بەسەر داعش لە موسڵ بۆ خۆی بدزێت و خۆی پێ هەڵكێشێ.
بەلای گەلی كوردستانیش ئەو لایەنە كوردیانەی عەبادی بە توندڕەو وەسفی دەكات دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن و، ئەوانەی تەنسیقیان لەگەڵ عەبادی كرد ئەوان خائین و نیشتیمانفرۆشن. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ڕای گەلی كوردستانە و هەڵسەنگاندنی خەڵكی حاقید هیچ بەهایەكی نییە.
هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن خەونی ناحەزان و ڕژێمەكانی پێشووی لەگۆڕ نا ئەوەهایش بە قارەمانێتیی خۆی پیلانە نەگریسەی عەبادی لەگۆڕ نا و خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا..
دەبێ هەموولایەكیش ئەوە باش بزانن ئێستا دۆخێكی تر لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و دەموچاوی حاقد و خۆپەرست و یاساشكێن نابێ ڕۆڵیان هەبێ. قۆناغی ئێستا قۆناغی بەرپرسیارێتی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و چەسپاندنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونە لە عێراقدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی
26ـی 3ـی 2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.