Erbil 38°C چوارشەممە 04 ئازار 16:47

نێچیرڤان بارزانی: بیانوو گله‌یی چاره‌سه‌ری هیچ گرفتێک ناکات

له‌ مه‌راسیمی به‌خشینی بڕوانامه‌ی فه‌خری به‌ زانای كورد كۆچه‌ر بیركار
کوردستان TV
#7
100%

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌راسیمی به‌خشینی بڕوانامه‌ی فه‌خری به‌ زانای كورد كۆچه‌ر بیركار رایگه‌یاند: پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ زانای وه‌ك كۆچه‌ر بیركاری پێگه‌یاندووه‌ و هیوادارین له‌ زانكۆكانی كوردستان ناوی كۆچه‌ر بیركار به‌رز رابگرن.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینی كرد بۆ به‌خشینی بڕوانامه‌ی فه‌خری به‌ كۆچه‌ر بیركارو رایگه‌یاند: بیانوو گله‌یی چاره‌سه‌ری هیچ گرفتێك ناكات و پێوسته‌ قوتابیان و مامۆستایان كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: كوردستان پێویستی به‌ كه‌سانی زانا هه‌یه‌ و پێوسته‌ له‌پێناو زانستیش شه‌وو رۆژ یه‌ك بخه‌ین.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ئێستا كوردستان خاوه‌نی هه‌یه‌.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێ،

بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیز دکتۆر "کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەستخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سەرۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "دکتۆر کۆچەر" ببەخشن. سوپاسیان دەكەم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمه و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كه لێرە لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا بەشدارم.

ئەوه راستی بێت، لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە ئەوان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش رایبگەینین؛ پێویستە رووبکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بەھۆی گرژییەكان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.

ئێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئەو ڕاستییەمان لەبیربچێتەوه کە تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بریتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە. دەبێ لەبیرمان نەچێتەوە کە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لەدەسکەوتی زانستییانەدایە.

گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستییانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان ببەنە پێشەوە و لە ناوخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا. کوردستان پێشمەرگە و كەسى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كەسانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.

ئێمە دەزانین دکتۆر کۆچـەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تاگەیشتە ئەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئەمە ھـەر بۆ خـۆی وانەیەكى تره بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەکی کۆمەڵگەی ئێمە ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.

لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (30) زانکۆ ھەیە کە (700) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (ھەشت) ھەزار دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئابووری، ھەردەم ئەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.

بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییەک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە، بەڵام دەڵێین پێویستە قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بەفیڕۆنەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شەو و رۆژ بخەنه سەر یەك. دەبێ لەمەولا زانایەکی وەکو دکتۆر "کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە ھەنگاوێكى مەزنى ھەڵێنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاین دەگات بە لووتکەی بەرزتریش.

دەبێ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مەزنى وەک حەزرەتى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێ دەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سەركرده مەزنهكانى وەکو شێخ مەحموود و قازی محەممەد و بارزانیی نەمر کە لە پێناو داھاتووی ئێمەدا، ھەموو قوربانییەکیان بەخشى.

ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان، ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریشدا بوو، ھەر ئەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئێمەدا، گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.

بەڵام ئەوەش بزانین، لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگە. ئامانجى یەكەم و سەرەكیى قوتابییان و خوێندكاران دەبـێ بەدەستهێنانى زانست و زانین بێت. دەبێ خۆدەوڵەمەندكردن و خۆپڕچەككردن بێت به زانست و زانین، نەك تەنیا دەرچوون له زانكۆ و وەرگرتنى بڕوانامه.

لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدەن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئێمە لێرەدایە. بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئێوە لە پێناوی فێربوون و زانستدا دێتە دی.

لە رابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلەكەماندا ھەڵکەوتوون. ئەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.

ئەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازییە، بەڵام ئەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەرئەوە بەرھەمی زانا و بلیمەتەكانى ئـێمە، بێكەس دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.

ئێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوەدەبەن. ئامادەبووانى بەڕێز، لەبەر ئەم چەند سەرنجانه بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان لەگەڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "دکتۆر کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەوان ئێمە ئەمڕۆ ھەموومان لێرە کۆبووینەتەوە.

لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەکو پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر بیرکاری پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێھاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.