نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی رابردو دیاریکرا و نرخەکەی لەنێوان (8.250) بۆ (9.250) دیناردایە.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە (39) دینار و (150) فلس بۆ مانگی ئازار دیاریكرا، و موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (210) بۆ (240) كاتژمێر كاریان كردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان (8.250) بۆ (9.250) هەزار دینار دەبێت و نرخەکە لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی دیکە جیاوازە.
سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی نیسان، وتەبێژی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: بەرنامەی موەلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە سەعات (2:00)ی دوانیوەڕۆ بۆ (1:00)ی شەو، و بەیانیانیش سەعات (7:00) بۆ (8:30)ی بەیانی دەبێت، هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی نەبو لەو كاتانەدا موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، بەڵام رۆژانی هەینی بەیانیان كار ناكەن و لەبری ئەوە پێشنیوەڕوان سەعات (11:30) كار بە موەلیدەكان دەكەن.
وتیشی: پێویستە دوای كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.
سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبون و سیتییەكان، نرخی كیلۆواتێك بە (203.5) دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتییەكان وێستگەكانیان (11) كەیڤی بو ئەوا (پێنج) دینار و وێستگەكەی (33) كەیڤی بو (10) دیناری بۆ زیاد دەكرێت.
دارشتنهوهى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.