Erbil 38°C ھەینی 21 ئاب 14:50

فازڵ میرانی: بەبێ یەکێتی باش نییە حکوومەت پێک بھێنین، بەڵام بەبێ یەکێتیش دەکرێت

میرانی: نابێت یەكێتی چاوەڕێی پەنجا بە پەنجای جاران بكات
کوردستان TV
100%

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، پارتی و یەكێتی لە ڕێگادان بەرەو ڕێككەوتن. دەشڵێت، جوانترە برادەرانی یەكێتی بەشداری بكەن، چونكە سەرۆكی ھەرێم بە تەنھا سەرۆكی پارتی و گۆڕان و توركمان و ئاشوور نابێت، بەڵكو سەرۆكی ھەموو ھەرێم دەبێت.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە" پارتی و یەكێتی لە ڕێگادان بەرەو ڕێككەوتن، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە ھیچ كاممان بەدیلی ڕێككەوتنمان نییە، چونكە بەرپرسیارەتییەكی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆیاندایە".

میرانی سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم دەڵێت" بایكۆتكردنی پڕۆسەیەك كە ڕەھەندی نیشتمانیی ھەیە، كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم بۆ بە مل ئێمەدا بێت". پێشی وایە، بۆ خەڵكی تر تاوانبار نەبێت كە بەشداری تێدا ناكەن، ھەروەھا دەشڵێت، جوانترە برادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەشداری بكەن، چونكە سەرۆكی ھەرێم ھی ھەرێم دەبێت و بە تەنھا سەرۆكی پارتی و گۆڕان و توركمان و ئاشوور نابێت، بەڵكو سەرۆكی ھەموو ھەرێم دەبێت و ئەوانیش ھاووڵاتیی ئەم ھەرێمەن.

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی وتیشى" بە یەكێتیمان گوتووە حەق نییە ئێوە لە بابەتی سەرۆكایەتیی ھەرێم بەشداری نەكەن، چونكە ئەوە ئێمە شەش مانگە وەستاوین لەپاڵ ئەوەشدا دەستمان كردووە بە پڕۆسەكە و داواش لەشەریكەكانی خۆمان دەكەین بێن لەگەڵمان بەشدار بن، لە پێش ھەموویانەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان".

ناوبراو جەختیشی كردەوە، گەشبینن كە یەكێتی بەشداری بكەن لە پڕۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم، بۆ بەشدارییش لە حكوومەت بە ھەمان شێوە گەشبینین، چونكە جیاوازییەكی كەم لە نێوان خواستەكانی یەكێتی و ئێمەدا ھەیە و لێكنزیكبوونەوە لە دانوستانەكاندا ھەیە.

په‌یوەست بە داواكاریی یەكێتی بۆ بەشداریكردنیان لە حكوومەت، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی" سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی پەروەردە و كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەمان پێ داون، بەڵام ڕازی نەبوون.

میرانی دەڵێت" یەكێتی داوای جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی ھەرێم یا یاریدەدرێك بۆ سەرۆكی ھەرێم دەكات، ئەمە بۆچوونی خۆمە، حەقە پارتی ڕازی بێت بۆ یاریدەدەری سەرۆكی ھەرێم، چونكە ئەگەر یەكێتی لەناو پڕۆسەكە نەبێت تەنھا یەكێتی زیان ناكات، بەڵكو ھەموومان زیان دەكەین، هەروەها بە بەشداریكردنی یەكێتی، تەنھا یەكێتی قازانج ناكات، ھەموومان قازانج دەكەین". 

دەشڵێت، یەكێتی داوای پێنج - شەش وەزارەت دەكات، من دەڵێم دەكرێت پێنج وەزارەت و وەزارەتێكی ھەرێمیشیان بدرێتێ، ئاماژە بەوەش دەكات، پارتی حسابی كورسی لەگەڵ یەكێتی ناكات، بەڵام نابێت یەكێتیش چاوەڕێی پەنجا بە پەنجای جاران بكات.

سەبارەت بە ئەگەری نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی، حكوومەت پێك دەھێنن، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی" بە بێ یەكێتی باش نییە حكوومەت پێك بھێنین، بەڵام بە بێ یەكێتیش دەكرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.