Erbil 38°C ھەینی 21 ئاب 16:38

سه‌رۆک بارزانی: کاتی چاوەڕێکردن تەواو بووە لەم ساتەوە چیتر چاوەڕێ ناکەین و کارەکانمان دەست پێدەکەین

هیچ بیانووێک نەماوە و کاتی چاوەڕێکردن تەواو بووە
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3-4-2019 سه‌رۆك بارزانی چوارده‌هه‌مین پێشانگای نێودەوڵەتی هه‌ولێر بۆ كتێبی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌ك ملیۆن ناونیشانی كتێب به‌ به‌شداری 300 ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و بیانی نمایش ده‌كرێن و پێشانگاگه‌ بۆ ماوه‌ی 11 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌شیدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆشنبیر و كتێبدۆستان و  به‌رپرسان و هاووڵاتییان ئاماده‌بوون .

سه‌رۆك بارزانی له‌ ده‌ستپێكی مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی چوارده‌هه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێردا وتارێكی پێشكه‌ش كرد. 

له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، هه‌رچه‌ند ته‌كنه‌لۆژیا پێش بكه‌وێت، كتێب هاوڕێیه‌كی باشه‌، سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگه‌یاند: هه‌ولێر شانازی به‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگای ساڵانه‌ی كتێب ده‌كات. 

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌‌ ڕووداوه‌كانی موسڵ كرد و ڕایگه‌یاند: به‌ به‌رپرسان و لایه‌نه‌كانم گوت كه‌ بونیادنانه‌وه‌ی مووسڵ له‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ سه‌ختتر ده‌بێت، كیشه‌ی مێژوویی كه‌ڵه‌كه‌بوو له‌ مووسڵ هه‌یه‌، سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگه‌یاند: كه‌ لایه‌نه‌كان هه‌وڵی دابه‌شكردنی داهاتی مووسڵ ده‌ده‌ن. 

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ داعش و مه‌ترسییه‌كانی داعش كرد و گوتی، هێشتا داعش مه‌ترسییه‌كی جدییه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ی داعشیان درووست كرد هێشتا له‌ عێراق ماون. 

سه‌رۆك بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ڕایگه‌یاند: ده‌رفه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیش دواده‌رفه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. 

سه‌رۆك بارزانی  لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاشکاوی بە سەرجەم لایەنەکانی کوردستانی ڕاگەیاند: کە چیتر چاوەڕوان ناکرێت و ”لەم ساتەوە“ کارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ دەکات. 

سەرۆک بارزانی، باسی لە پرسی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: کە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی بە سەرکەوتوویی بەڕێ کرد و ئەنجامەکانیشی دەرکەوتوون، ئارامیی زۆرمان گرت و هەلی زۆرمان بە لایەنەکان دا، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێت. 

سه‌رۆك بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێک کە چیتر چاوەڕێ نەکەن و هیچ بیانووێک نەماوە و کاتی چاوەڕێکردن تەواو بووە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کارەکانی خۆی دەکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێرێت و کارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.