به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن و ئه‌ندامێكی جه‌سته‌یان به‌ھه‌ر ھۆكارێك له‌ده‌ستداوه ، كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌یان نه‌بووه‌ته ھۆی ئه‌وه‌ی له ژیاندا چۆكیان پێدابدات و له ماڵه‌وه بمێننه‌وه و ژیانێكی ناھه‌موار به‌ڕێبكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه بونه‌ته نموونه‌ی سه‌ركه‌وتنی ژیان و له ھه‌ندێك بواردا زۆر باشتر له‌و كه‌سانه كار ده‌كه‌ن كه له‌شساغ و ته‌ندروستییه‌كی باشیان ھه‌یه و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه له ژیاندا.
به‌كر عه‌لی ئه‌حمه‌د ناسراو به خاڵه به‌كری نووسینگه یه‌كێك له‌و چیرۆكه سه‌ركه‌وتووانه‌یه كه وه‌ك كه‌سێكی نابینا له بواری خانووبه‌ره كار ده‌كات و ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی له كاره‌كه‌یدا ھه‌یه .
خاڵه به‌كری ته‌مه‌ن ٥٦ ساڵان ده‌رچووی شه‌شی ئاماده‌ییه و له ساڵی ١٩٩٣ به ھۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه بینایی چاوه‌كانی له‌ده‌ستداوه ، ئه‌و له ساڵی ٢٠٠٠ه‌وه ده‌ستی به كاری كڕین و فرۆشتنی خانوو و زه‌وی كردووه و ماوه‌ی ٢٠ ساڵه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی و ئێستا ناوێكی دیاری شاری سلێمانییه له بواره‌كه‌ی خۆیدا ، به‌جۆرێك زۆربه‌ی نووسینگه‌كانی تری شاره‌كه رۆژانه په‌یوه‌ندییان ھه‌یه له‌گه‌ڵی و پرس و راوێژی پێده‌كه‌ن له‌و بواره‌دا.
سه‌باره‌ت به سه‌ختی ئه‌نجامدانی كارێكی له‌و شێوه‌یه بۆ كه‌سێكی نابینا كه رۆژانه پێویستی به مامه‌ڵه‌كردن و ھاتن و رۆشتن و بینین ھه‌یه و بۆ كه‌سانی چاوساغیش سه‌ختی خۆی ھه‌یه، خاڵه به‌كر كه له كاتژمێر حه‌وتی به‌یانییه‌وه ده‌ستی به كاركردن كردووه و ھیلاكی و ماندوێتی به رووخسارییه‌وه دیاره ده‌ڵێت "ھه‌موو كارێك له دنیادا كه مرۆڤ ده‌یگرێته ده‌ست كه‌موكورتی و گیروگرفتی خۆی ھه‌یه ، گرنگ ئه‌وه‌یه خاڵه به‌كر توانیویه‌تی ھه‌ر گرفت و كێشه‌یه‌ك كه له‌و بواره‌دا رووی تێكردووه به دڵێكی فراوانه‌وه چاره‌سه‌ری كردووه و رۆژێك له رۆژان بیرم له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه كه كێشه‌یه‌ك ببێته ھۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌م به‌جێبھێڵم ، به‌ڵكو ھه‌موو كات وه‌ك نێوه‌ندێك له نێوان كڕیار و فرۆشیار مامه‌ڵه‌م كردووه و نه‌مھێشتووه لایه‌كیان به ھۆی منه‌وه زیان بكات".
ئه‌و ھه‌روه‌ھا گوتی: "ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ یه‌كه‌مجار دێنه نووسینگه‌كه‌م و ده‌زانن نابینام زۆر سه‌رسام ده‌بن و ھه‌ست ده‌كه‌م به‌و حاڵه‌ته‌یان، دوای پێشوازیكردن و پرسكردن پێیان، ئه‌و خانووه‌ی ئه‌و داوای ده‌كات بۆیان ده‌خه‌مه روو دواتر له‌گه‌ڵیان ده‌چم بۆ سه‌یركردنی ئه‌و خانوو یان زه‌وییه ، پاش گه‌ڕانه‌وه زۆر به سه‌رسامییه‌وه باس له سه‌ركه‌وتن له كاره‌كه‌م و نه‌بوونی ھیچ كێشه و گرفتێك به ھۆی نابیناییه‌كه‌مه‌وه ده‌كه‌ن و ده‌ستخۆشیم ئاراسته ده‌كه‌ن".
خاڵه به‌كر رۆژانه له نووسینگه‌كه‌ی له گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری شاری سلێمانی سه‌رقاڵی زۆری ھه‌یه و به‌رده‌وام به سێ ژماره مۆبایل و ته‌له‌فونێكی نۆرماڵه‌وه سه‌رقاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه یان بۆ خۆی په‌یوه‌ندی ده‌كات ، بابه‌تی ھه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش تایبه‌ته به كڕین و فرۆشتن و به‌كرێدانی خانوو یان زه‌وییه‌كه‌وه.
له‌نێو نوسینگه‌كه‌یدا كلیلی ده‌یان خانوو داندراوه، ئه‌و ته‌نھا به‌ده‌ستلێدان و گه‌ڕان به‌ناو كلیله‌كاندا ده‌زانێت ھه‌ر كلیلێك ھی چ خانوویه‌كه و له چ ناوچه‌یه‌كه، به‌رده‌وام له چوونه سه‌ر خانوو زه‌وییه‌كانیشدا ئه‌و چاوساغی كڕیار و شۆفێره‌كانه و به ئاسانی ناونیشانی خانووه‌كان ده‌دات و ته‌نھا یه‌ك جار ناونیشان و شوێنی خانوو زه‌وییه‌كان له مێشكی‌دا تۆمار ده‌كات و دواتر زۆر به‌ئاسانی به بیری دێته‌وه.
ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئێستا له‌نێو نووسینگه‌كانی كڕین و فرۆشتنی خانووبه‌ره له سلێمانی ناوبانگێكی دیاری ھه‌یه و رۆژانه سێ ھێنده‌ی نووسینگه‌كانی تر كڕیار و فرۆشیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو یان زه‌وی و به‌كرێدانی.
دوای گۆڕانكاری له سیستمی مووچه و ھه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه و ھه‌وڵه‌كانی پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھه‌رێم، بازاڕی خانووبه‌ره گه‌شانه‌وه‌ی به‌خۆوه بینیوه و خه‌ڵكێكی زیاتر روو له كڕینی خانووبه‌ره ده‌كه‌ن.
خاڵه به‌كر له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له سنووری پارێزگای سلێمانی تا راده‌یه‌ك گۆڕانكاری دروستكردووه، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كی ھێنده زه‌ق و دیار نییه ، ئه‌وه‌ی ھه‌یه به‌راورد به پێنج مانگی رابردوو تا راده‌یه‌ك گۆڕانی به‌سه‌ر ھاتووه و خه‌ڵكێكی زیاتر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و نرخه‌كانیش به‌پێی شوێنه‌كان تا راده‌یه‌ك به‌رز بووه‌ته‌وه".
خاڵه به‌كر جگه له ھه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و سه‌رقاڵی كاری رۆژانه‌ی به كڕین و فرۆشتنی خانوبه‌ره‌وه، به‌ڵام گرنگی زۆر به ژیانی تایبه‌تی خۆی و خێزانه‌كه‌شی ده‌دات و ھه‌وڵ ده‌دات له پۆشینی جلوبه‌رگ و سیمای‌دا به جوانی ده‌ربكه‌وێت، ھه‌روه‌ھا رۆژانه سه‌ردانی ھۆڵی له‌شجوانی ده‌كات و بۆ ته‌ندروستی و جه‌سته‌یه‌كی رێك وه‌رزش ده‌كات.
له بواری په‌یوه‌ندی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شاره‌زایی باشی ھه‌یه و بۆ خۆی رۆژانه كاری مۆبایل و به‌كارھێنانی فه‌یسبوك و فایبه‌ر و ئاڵوگۆڕی وێنه ئه‌نجام ده‌دات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.