ئهمڕۆ سێشەممە 9/4/2019 یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپیۆنزلیگ) دەست پێدەكاتەوە بە ئەنجامدانی یاریەكانی چوونی قۆناغی هەشتەم كە تیایدا چوار یاری بەهێز ئەنجام دەدرێن ، دوانیان شەوی سێشەمە ، دوانەكەی دیكە شەوی چوارشەممە .
* یاری دووەم
تۆتنهام * مانچستەر سیتی
كاتژمێر 10ی شەوی سێشەممە بەكاتی كوردستان لە یاریگای تازەی یانەی تۆتنهام لەشاری لەندەن دێربی ئینگلتەرا لە چامپیۆنزلیگ هەردوو یانەی تۆتنهام و مانچستەر سیتی رووبەرووی یەكتر دەبنەوە ، ناوبژیوانی هۆڵەندی بیۆرن كۆپیرێس ئەم یاریە بەڕێوەدەبات ، لە چامپیۆنزلیگ بۆ یەكەمجارە هەردوو یانە بەرامبەر یەك یاری دەكەن بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ كاتێك یانەی مانچستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ یان لە یۆروپا لیگ بەرامبەر یانەیەكی هاونیشتمانی خۆی یاری دەكات تووشی دۆڕاندن هاتووە ، لە وەرزی رابردوو مان سیتی لە قۆناغی هەشتەم لە هەردوو یاری بەرامبەر لیڤەرپول دۆڕا ، لەساڵی 1971 لەقۆناغی پێش كۆتایی یۆروپا لیگ لەهەردوو یاری بەرامبەر چێلسی دۆڕاوە . لەبەرامبەردا یانەی تۆتنهام سێ جار لە خولەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەكانی ئینگلتەرا ، دووجار شكستی هێناوە و جارێكیش سەركەوتوو بووە .
لە ماوەی 10 رۆژدا هەردوو یانە سێ جار لەگەڵ یەك یاری دەكەن ، ئەم سێ یاریە بۆ یانەی مان سیتی چارەنووس سازترە چونكە لەوانەیە لەم سێ یاریە كوڕانی راهێنەر گواردیۆلا دوو نازناو لەدەست بدەن لەو چوار نازناوەی كە ململانێی لەسەر دەكەن ، لەهەمان كاتدا ئەم یاریانە بۆ یانەی تۆتنهامیش گرنگن ، ئەوەی چامپیۆنزلیگ بۆ پەڕینەوەی بۆ چوارگۆشەی زێڕین و ئەوەی خولیش بۆ ئەوەیە بگاتە چوارگۆشەی زێڕین و مسۆگەركردنی كورسیەك لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو ، بۆیە ئەم یاریانە زۆر گرنگن و چارەنووسی هەردوو یانە لەكۆتایی وەرز دیاری دەكەن .
تۆتنهام یەكەم یاری خۆی لە چامپیۆنزلیگ لەسەر یاریگا تازەكەی ئەنجام دەدات ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆ راهێنەر ماوریسیۆ پۆچەتینۆ و یاریزانەكانی كە بەهیچ شێوەیەك نایانەوێ لەم یاریە تووشی شكست بن ، یانەی تۆتنهام لەگەڵ راهێنەر پۆچەتینۆ ئاستێكی باش پێشكەش دەكات و لەم وەرزە پێكان كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبوو بە تایبەتی لەهەفتەكانی رابردوودا و ئێستا ئەم یاریە دەرفەتە بۆ ئەوەی یانەكە گەورەیی خۆی نیشان بدات ، پێكهاتەی یانەی تۆتنهام پێكهاتەیەكی بەهێزە بەڵام ماندووە ، هەریەك لەیاریزانان هۆگۆ لۆریۆسی گۆڵپارێز و ڤێرتۆنخن و تریپیێر لە هێلی بەرگری و ئێركسن و سۆن و دالی ئالی لە هێلی ناوەراست و شازادە هاری كین وەك سەری رم ، هەریەك لەیاریزانان سێرجی ئۆیەر و لامێلا پێكانیان هەیە ، ئەو پێكهاتەیە زۆر بەهێزە و راهێنەر پۆچەتینۆ خاوەن بیركردنەویەكی فرەوانە و توانای گۆڕینی سیستەمی یاریكردنی تیپەكەی هەیە .
یانەی مانچستەر سیتی یەكێكە لە بەهێزترین پێكهاتەكانی یانەكانی ئەوروپایە ، راهێنەر پیب گواردیۆلا لەهەر شوێنێكی یاریگا خاوەن دوو یاریزانە ، بەڵام گواردیۆلا پشت بە كۆمەڵێك یاریزان دەبەستێت وەك گۆڵپارێز ئیدەرسۆن و بەرگریكاران والكەر و لاپۆرتی و ئۆتامیندی و لە هێلی ناوەراست فیرناندینهۆ و دێڤید سێلڤا و كیڤن دی برۆین لەگەڵ یاریزانان ئەگوێرۆ و سانی و رەحیم ستێرلینگ و بیرناردۆ سێلڤا ، هەرچەندە هەریەك لەیاریزانان والكەر و ئەگوێرۆ پێكانیان هەیە و تا ئێستا بەشداریكردنیان جێگای گومانە . گواردیۆلا لە هەموو كاتێك كارتی باش لەدەستە بۆ گۆڕینی رەوتی هەر یاریەك وەك یاریزانان محرز و گاندوگان و خیسۆس . بەڵام كێشەی گەورەی ئەو تیپە ئەوەیە كەنازانێت وەك پێویست بەرگری بكات بە تایبەتی لەدەرەوەی یاریگای خۆی بۆیە پێویستە گۆاردیۆلا چارسەری ئەم لایەنە بكات بۆ ئەوەی سیناریۆی ساڵی رابردووی بەرامبەر لیڤەرپول دووبارە نەبێتەوە .
ئەم یاریە یەكێە لە یاریە بەهێزەكان و زەحمەتەكانی ئەم قۆناغە بۆیە تا ئەنجامدانی یاری گەڕانەوە لە هەفتەی داهاتوو ئەستەمە لایەنێك گەیشتنی بۆ چوارگۆشەی زێڕین مسۆگەر بكات .
سالار جەلال
خوێندنەوەیەک بۆ یاریەکهی ئهمشهوی تۆتنهام - مانچستهر سیتى
له چامپیۆنزلیگ
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.