Erbil 38°C چوارشەممە 04 ئازار 02:24

سبه‌ینێ یادی ئه‌نفال ده‌کرێته‌وه‌

به‌ چه‌ندین چالاکی‌ جۆراوجۆر
کوردستان TV
#7
100%


سبەی یەكشەممە 14ی نیسانی 2019  مەراسیمی 31 ساڵەی ئەنفال لەمەزاری ئەنفالكراون لەگوندی دێبنەی گەرمیان بەچەند چالاكییەك دەكرێتەوە.

هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند: مه‌راسیمی‌ ئه‌مساڵی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال له‌ ساڵانی‌ رابردوو جیاوازتر ده‌بێت و تیایدا نوێنه‌ری‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ری‌ کونسوڵخانه‌ی‌ وڵاتان به‌شدار ده‌بن.

ئاشكراشیكردوه‌ یادکردنه‌وه‌ی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال به‌ چه‌ندین چالاکی‌ جۆراوجۆر ده‌کرێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ک چالاکییه‌کان تا 21 ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، وتیشی‌ هه‌ر بۆ ساڵیادی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال، سبه‌ینێ 14ی نیسان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی‌ هێناوه‌ته‌ گه‌رمیان و کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

شایه‌نی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ سی و یه‌ك ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، تێدەپەڕێت كە حكومەتی بەعس لە ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ، بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامی دا كە  182 هەزار ژن و پیاو منداڵی بەرەو بیابانەكان، گواستەوەو زیندە بەچاڵی كردن، جەگە لەوەش  چوار هەزار گوند و 30 ناحیە و سێ هەزار و 100 مزگەوت و 100 كڵێسا خاپور كران.

قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نفال له‌ رۆژی 23 شوباتی 1988  له‌ ناوچه‌كانی دۆڵی جافایه‌تی ده‌ستپیپێكرد و تا رۆژی 18 ئاداری هه‌مان ساڵ به‌رده‌وامبوو.

له‌ قوناغی دووه‌مدا، ناوچه‌ی قه‌ره‌داغی به‌ خووه‌ گرت كه‌ له‌ رۆژی 22 ئاداری 1988 ده‌ستپێكرد و تا رۆژی یه‌كی نیسانی هه‌مان ساڵ به‌رده‌وامبوو.

قوناغی سێیه‌می ئه‌نفال رۆژی 7 نیسانی 1988 له‌ گه‌رمیان ده‌ستیپێكرد و تا رۆژی 20 نیسانی هه‌مان ساڵ به‌رده‌وامبوو.

قوناغی چواره‌می ئه‌نفال له‌ رۆژی 3 ئایاری 1988 له‌ ناوچه‌ی قه‌ڵا سێوكه‌ و دۆڵی زێی بچووك ده‌ستیپێكرد و تا رۆژی 15 ئاداری هه‌مان ساڵ به‌رده‌وامبوو.

قوناغه‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌می ئه‌نفال  ناوچه‌كانی شه‌قڵاوه‌ و رواندزی گرته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژی 15 ئایاری 1988 تا رۆژی 25 ئایاری هه‌مانی ساڵ به‌رده‌وامبوو.

قوناغی هه‌شته‌می ئه‌نفال له‌ رۆژی 26 ئابی 1988 له‌ بادینان ده‌ستیپێكرد و تا رۆژی 9 ئه‌یلولی هه‌مانی ساڵ به‌رده‌وامبوو.

به‌عس له‌ هه‌شت قوناغی ئه‌نفال ته‌واوی گونده‌كانی ئه‌م ناوچانه‌ و زۆرێك له‌ شارۆچكه‌ و ناحییه‌كانی خاپوور كرد و دانیشتوانی به‌ زۆره‌ملێ بۆ ناوچه‌كانی دیكه،‌ له‌وانه‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق گواسته‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر  182 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل كۆمه‌ڵكوژ و گوله‌باران و زینده‌ به‌چاڵكران و زیاتر له‌ چوار هه‌زار گوند و ئاوایی خاپوور كران.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.