ئەمڕۆ چوارشەممە 17-4-2019، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و تاوتوێی دوایین راپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ژێرئاکەوتنی بەلەمەکەی مووسڵی کرد.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری داوە پەیامێکی سوپاس و پێزانین بەناوی پارێزگای نەینەوا ئامادە بکرێت بۆ ناردنی بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنەکە بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، شەش کەسایەتی و دەزگای نەینەوای بە بەرپرسی رووداوەکە داناوه.
رۆژی هەینی 21-3-2019، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک لە رووباری دیجلە لە مووسڵ، نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی 70 کەسی دیکەش بێ سەروشوێن بوون.
دوای رووداوەکە سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ خەڵکی مووسڵ بڵاو کردەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جگە لە ناردنی ئەمبوڵانس و هاوکاریی مرۆیی، سێ رۆژ ماتەمی گشتی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماو نارد و تیمێکی ژێردەریایی (غەواس)یشی بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکان، ناردە مووسڵ.
هاووڵاتییانی مووسڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگیی و رێزەوە باسی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییان دەکرد و ستایشی میهرەبانیی و سۆزی سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی لێقەوماو، کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.