گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زانیاری خستە ڕوو.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، جووتیارانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە شایستە داراییەکانیان لە بەغدا وەربگرن، چونکە چوار ساڵ دەبێت بەشە گەنمیان ڕادەستی بەغدا کردووە، کەچی تائێستا شایستە داراییەکانیان نەنێردراوە. ئاماژەشی بە بەردەوامیی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران کرد.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، سەفین دزەیی باسی لە دابەشکردنی سێ مووچەی فەرمانبەران کردووە و ڕایگەیاندووە: ”حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێـت لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا بە گوێرەی داهاتی حكوومەت و ئەو بەشەبودجەیەی لەلایەن بەغداوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران دێـت“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەغدا 60%ی بەشەبودجەی مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت كە 460 ملیار دینارە، بەشێكیشی نەناردووە لەناویاندا مووچە و خەرجیی سیادیی پێشمەرگە كە حكوومەتی هەرێم خۆی 40%ـەكەی تر دابین دەكات و 400 ملیار دینارە.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت جەختی کردووەتەوە: ”هەر كاتێكیش پارەی دیاریكراوی سێ مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.