Erbil 38°C شەممە 22 ئاب 17:46

پشکی حاجیانی هەرێمی کوردستان زیاد کراوه‌

پشكی حاجیانی ئەمساڵی هەرێم 2 هەزاری تر زیاد كراوە
کوردستان TV
100%


گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، پشكی حاجیانی ئەمساڵی هەرێم 2 هەزاری تر زیاد كراوە. راشیدەگەیەنێت، لە رۆژی 10ی تەمموزی 2019 یەكەم گەشتی حەج لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سعوودیە دەست پێدەكات.

نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ سعوودیە كرد و رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەردانی سعوودیەی كرد، داوای كرد ژمارەی سەردانیكارانی هاووڵاتیان زیاد بكرێت لەو رێژەیەی كە عێراق بۆی دیاری كراوە، كە 50 هەزار هاووڵاتیی عێراقی سەردانی عەرەبستانی سعوودیە دەكەن.

لەو ژمارەیەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كرابوو، 4880 هاووڵاتی بوو، وەك ناوبراو ئاشكرای كرد، لەو رێژەیەی كە زیاد كراوە بۆ عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 2 هەزار هاووڵاتی زیاد كرا، وەك خۆی دەشڵێ، تاوەكو ئێستا بە نووسراوی فەرمی بە دەستیان نەگەیشتووە،‌ بەڵام بە شێوەیەكی مەبدەئی ئەو رێژەیە بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بووە.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیانیش رایگەیاند،‌ مامەڵەی 4880 حاجییان‌ تەواو كردووە‌، مامەڵەی 2 هەزار حاجییەكەی تر تاوەكو ئێستا تەواو نەبووە، كە 10 تا 15 رۆژی تر دەست بە مامەڵەكان دەكرێت و ناوی ئەو 2 هەزار هاووڵاتییەش دیاری دەكرێت.

لەبارەی ئەو بڕەپارەیەی كە لە هەر هاووڵاتییەك وەردەگیرێت بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، نەبەز ئیسماعیل روونی كردەوە، هەر حاجییەك ئەمساڵ پێویستی بە بڕی 4 هەزار و 200 دۆلارە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

پێوەست بە پشكی كەسوكاری شەهیدانیش، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، بە بڕیاری وەزیری ئەوقاف، 100 پشك بۆ كەسوكاری شەهیدان تەرخان كراوە، كە ناوەكانیان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە بۆ نێردراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.