Erbil 38°C شەممە 22 ئاب 18:47

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى تورکیا: له‌کاته‌ سه‌خته‌کاندا پشتمان له‌هه‌رێم نه‌کردووه‌ ئێستاش خوازیاری په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌کانین

نێچیرڤان بارزانی و مه‌ولوود چاوشئۆغڵو كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
100%


 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ستایشی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ توركیا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، هه‌روه‌ها خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ربڕی و هه‌موو ئاسانكارییه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كار و سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنانی توركی له‌ هه‌رێمی كورستان نیشان دا و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ل توركیا به‌ گرنگ و ستراتیژی ناوزه‌د كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/4/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌ولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركیا، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی، هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی زیاتری سنووری، هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ بواره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، دۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 و پێكهاته‌كانی و هه‌رێمی كوردستان و عێراقیان به‌گشتى تاوتوێ كرد.

 چاوشئۆغڵو وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ چۆن له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، ئێستاش خوازیاری په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا توركییه‌كان ده‌توانن له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش كار و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی عێراق و توركیا له‌ پرسی ئاو و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌یسی ئاودا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق و كونسولی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان به‌شدار بوون، دۆخ و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی خرانه‌ به‌ر باس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.