ئەمڕۆ دووشەممە 13/5/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە خاتوو جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، وێڕای تاوتوێکردنی پێشهات و ئەگەرە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم، بەتایبەتی رەوشی کەرکووک و شنگال تاوتوێکرا و جەخت لەوە کرایەوە، کابینەی داهاتوو ئەو هەنگاوانە دەنێت، کە خواست و ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
هەر لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێشڤەچوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن و ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەری پرسە هەڵواسراوەکان هەیە.
لەبەرامبەردا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە پێشڤەچوونەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوازێت رۆڵی هەبێت لە لێک نزیککردنەوەی نوێنەرانی پێکهاتە و تایفەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و لەو ئەرکەشی بەردەوام دەبێت.
رەوشی سیاسی عێراق و بەردەوام بوون لە دژی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.