Erbil 38°C یەکشەممە 23 ئاب 23:20

بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن بازاڕی ئۆتۆمبێل لە کوردستان گەرمبووە

بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بازاڕ بوژاوەتەوە
کوردستان TV
100%


بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان گەرمبووە، بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشتر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و لە ئیمارات چاکدەکرێنەوە و دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان.

بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕبوون لە ئۆتۆمبێلی ئەمریکیی دەستی دوو، 220 کۆمپانیای خۆماڵی لە ئیماراتەوە ئۆتۆمبێلی لێدراو و بەکارهاتووی ئەمریکی چاکدەکەنەوە و هاوردەی هەرێمی کوردستانیان دەکەن.

ڕەنۆ فریا، ماوەی 20 ساڵە لە ئیماڕاتەوە ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی نەمانی شەڕ و قەیرانی دارایی، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بازاڕ بوژاوەتەوە و فرۆشمان لەسەدا 30% زیادیکردووە، ئاماژە بەوەش دەکات:" خەڵکی ئێمە پارەشی هەبێت چاوی لەسەر تەلەفزیۆنە چاوەڕێی هەواڵ دەکات لە تەلەفزیۆنەکان هەواڵ باش بێت بازاڕیش باش دەبێت.

ڕەنۆ فریا، دەشڵێت:" ساڵانی پێش قەیرانی دارایی مانگانە قازانجمان لە 4 هەزار دۆلار کەمتر نەبوو، بەڵام ئێستا مانگانە هەزار دۆلار تێپەڕ ناکات. باسی لەوەشکرد کە ساڵی ڕابردوو 700 ئۆتۆمبێلمان هاوردەکردووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 250 ئۆتۆمبێلمان هاوردەکردووە، چاوەڕێ دەکەم لەم مانگە بیانفرۆشم.

حاجی نازم، کە خاوەنی دوو پێشانگایە لە هەولێر، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت بازاڕ زۆر باشتر بێت، چونکە خەریکە حکومەت پێکدێت و بارودۆخی دارایی باش دەبێت، بەڵام هێشتا ناوێرین وەک جاران ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین. 

خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هەرزان و کەم خەرجییە

حاجی نازم، ڕاشیگەیاند:" ئێستا خەڵکی شارەزاییان پەیداکردووە، دەزانن کام ئۆتۆمبێل باشە و کامە خراپە، ئێستا خەڵک کەمتر ئۆتۆمبێلی ئەمەریکی دەکڕێت چونکە لێدراویان زۆرە و زۆربەیان لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرناچن. ئێستا خواست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە نرخیان لە نێوان 10 هەزار دۆلار بۆ 10 هەزار و 500 دۆلارە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە کورستان تیڤی ڕاگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017 43 هەزار و 575 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، ساڵی ڕابردوو 62 هەزار و 250 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، واتا بە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەڕێژەی لەسەدا 30% زیادیکردووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پێنج ساڵی رابردوو، 451 هەزار و 337 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، ساڵی ڕابردووش نزیکەی 131 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، لە چوار مانگی ئەمساڵ 68 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون. رێژەی 85%ـی ئۆتۆمبێلەکان دەستی دوون و لە ئەمریکا و ئیمارات هاوردە دەکرێن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.