راگه‌یاندنی په‌رله‌مانى كوردستان رایدهگهێنێت ، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 27ی ئایاری 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له نوسینگه‌ى خۆى له ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له په‌خشان زه‌نگه‌نه، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری.
راشیدهگهیهنن ، له‌دیدارێكدا په‌خشان زه‌نگه‌نه، به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵاى خانمان پیرۆزبایی له سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته‌كه‌ى خۆشحاڵیی خۆیانی به بوونى ئافره‌تیك له‌و پۆسته‌دا ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند: "بۆ ئێمه‌ی خانمان شانازییه‌كی گه‌وره‌یه ئافره‌تێك له هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌رۆكی په‌رله‌مان و له‌و پۆسته‌دا رۆلی گرنگ بگێڕێت له له یهكترنزیكردنهوهى فراكسیۆنه‌كان و راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوانیاندا.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شاندی میوان پوخته‌یه‌ك له كار‌و چالاكییه‌كانیان له ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان خسته‌ڕوو، باسیان له بارودۆخ و ژیانی كچانی ئێزدی له ناو كه‌مپه‌كان كرد و داوایان كرد كه په‌رله‌مانی كوردستان چاودێریی و به‌دواداچوونی زیاتر ناو ئه‌و كه‌مپانه بكات كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه له‌دیداره‌كه‌دا د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و شاندی یاوه‌رى، پوخته‌یه‌ك لهرێكاره یاساییه‌كانى په‌رله‌مان و هاوسه‌نگیی له‌نێوان فراكیسۆنه‌كان و رۆلی په‌رله‌مانی كوردستانى له قۆناغی ئێستادا باسكرد و رایگه‌یاند: "جیاواز له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، لای ئێمه پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌مان له‌پێشینه‌ی كاره‌كانمانه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌وڵی خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كان و په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ری كۆی پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا".
سه‌باره‌ت به جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و ژیانی ناو كه‌مپه‌كان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: "له‌خولی چواره‌م و له ئێستاشدا له هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه دژ به‌مرۆڤایه‌تییه له دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌فه‌رمی به جینۆساید بناسرێت و له‌م رووه‌شه‌وه پێویسته په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ رێكاره یاساییه‌كانی بگرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی عێراق ڕه‌زامه‌ندی بدات به‌تایبه‌تمه‌ندیی دادگا و (قبول اختصاص المحكمه) له كه‌یسی ئافره‌تانی ئێزدی تا دادگای تاوانكاریی نێوده‌وڵه‌تی بتوانێت ئه‌م كه‌یسه بجوڵێنێت و دادگایی تاوانباران بكرێت و قه‌ره‌بووی قوربانیان بكرێته‌وه و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكرێته‌وه و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان و ژیانێكی ئاسووده و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت".
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.