Erbil 38°C دووشەممە 24 ئاب 21:58

ڤایرۆسەکەی خوارو ناوەڕاستی عێڕاق نرخی ماسی چوار هێندە گرانکردووە

لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 هێندە بەرزبووەتەوە
کوردستان TV
100%


لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هێندە بەرزبووەتەوە، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەرزبوونەوەی نرخی ماسی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە.

زیرەک محمەمەد، خاوەنی فرۆشگای ماسی زیرەک بە کوردستان تیڤی راگەیاند: نزیکەی 20 رۆژ دەبێت نرخی ماسی لە بەرزبوونەوەدایە. پێش مانگی رەمەزان کیلۆی ماسی بە سێ هەزار و 500 دینار بوو، هەفتەیەک بەر لە مانگی رەمەزان نرخەکەی هەزار دیناری چووە سەر و گەیشتە 4500 دینار، بەڵام لە دەستپێکی مانگی رەمەزانەوە تاوەکو ئێستا نرخی ماسی نزیکەی چوار هێندە بووە، ئێستا کیلۆی بە هەشت هەزار دینار تاوەکو نۆ هەزار دینار دەفرۆشرێت، ماسی زێ بە 13 هەزار دینارە.

زیرەک محمەمەد، ڕاشیگەیاند:" هۆکاری گرانی نرخی ماسی کەمی ڕێژەی ماسییە و نییە لە بازاڕ، ئەوەی کە هەیە ڕێژەیەکی زۆر کەمە بۆیە نرخی بەرز بووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد:" ساڵی ڕابردوو ماسی زۆر بوو فرۆشیش زۆر بوو ڕۆژانە تۆنێکمان دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ ماسی کەمە و فرۆشیشمان کەمبووە ڕۆژانە لە 300 کیلۆ تێناپەڕێت.

سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: چار هۆکار هەن کە نرخی ماسیان گران کردووە ماوەی حەوت بۆ هەشت مانگ دەبێت هاوردەکردنی ماسی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە قەدەخەکراوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی مەترسیدار کە تا ئێستاش حکومەتی عێڕاق ڕاپۆرتی نەناردووە بۆ ئەوەی بزانین چارەسەری ئەو نەخۆشییان کردووە یان نا هەر کاتێک ڕاپۆرتیان نارد ئێمەش ڕێگە بە هاوردە دەدەین، راوکردنی ماسی لەم وەرزەدا قەدەخەکراوە، هەروەها بەهۆی یەکخستنی پێناسی گومرگی لە مانگی چوارەوە هاوردەکردنی ماسی فرێش لە دەرەوەی وڵات راگیراوە و هۆکاری چوارەمیش ئەوەیە تاوەکو ئێستا بەرهەمی نێوخۆیی پێنەگەیشتووە، بەمەش بەرهەمی ماسی لە بازاڕدا کەمبووەتەوە و نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی ڕاشیگەیاند: "سەرەڕای ئەو هۆکارانەی باسمان کردن، هیوادارین خەڵک لەو مانگەدا ئەو هەلە لە بازاڕ نەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لەو مانگەدا گۆشتێکی تەندروست بخۆن. 

ئاماژەی بەوەشدا:" بەرزبوونەوەکە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانە، چونکە هەمووی پێکەوە گرێدراوە، هیواداریشین نرخەکەی دابەزێت، کە بێگومان تاوەکو 14ـی 6 کە کاتی هەڵگرتنی سەر قەدەخەی راوکردنی ماسییە، نرخەکەی دادەبەزێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 16 هەزار تۆن ماسییە، ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی ناوخۆ ساڵانە 6 هەزار تۆنە، بڕی 10 هەزار تۆنیش لە خوارو ناوەڕاستی عێڕاق و تورکیا و ئێران هاوردە دەکرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.