وەزیری دادی فەڕەنسا رایگەیاند" لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لە گفتوگۆدان لەبارەی بیرۆکەی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی لە عێراق، بۆ دادگایی کردنی داعشە بیانییەکان کە لەو وڵاتە دەستگیرکراون.
نیکۆڵ بیلوپیە، وەزیری دادی فەڕەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بیرۆکەی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا تاوتوێ کردوە لەسەر ئاستی وەزیرانی ناوخۆ و داد، بەتایبەتی لەگەڵ وەزیرانی دادی ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا.
ئاماژەی بەوەکرد؛ دروستکردنی دادگاکە تائێستا بیرۆکەیە، بەڵام ئەگەری زۆرە لە عێراق و بەبەشداریی دادوەرانی ئەوروپی و فەڕەنسی و عێراقی پێکبهێنرێت.
وەزیری دادی فەڕەنسا ئەوەیخستەڕوو کە ئەستەمە رەزامەندی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی مەرجیان ئەوەیە کە سزای لە سێدارەدان لەو وڵاتە هەڵبگیرێت، ئەوەش کات و وزەیەکی زۆری دەوێت بۆ دانوستان لەگەڵ عێراق.
سەبارەت بە دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ ژمارەیەک چەکداری داعش کە هەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسین لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە، نیکۆڵ بیلوپیە رایگەیاند" چەندینجار دووپاتمانکردوەتەوە کە ناکرێت سزای لە سێدارەدانەکە بەسەریاندا جێبەجێبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی عێراق.
ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی رابردوودا دادگای تاوانەکانی بەغدا سزای لە سێدارەدانی بەسەر (12) داعشی فەڕەنسیدا سەپاند، ئەوەش کاردانەوەی فەڕەنسا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لێکەوتەوە و داوای راگرتنی ئەو سزایانەیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.