به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگریی شارستانیی گشتی له عێراق نوێترین ئاماری له باره‌ی ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه بڵاوكرده‌وه كه به ھۆكاری جیاجیا و نادیار سووتاون و رایگه‌یاند كه تا ئێستا ٤٠ ھه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی سووتاوه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگریی شارستانیی گشتی له عێراق ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه له میانی یه‌ك مانگدا، ٢٧٢ رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه له ژماره‌یه‌ك پارێزگا روویداوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه ٧٤ رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه به ھۆی شۆرتی كاره‌با، ٣٥یان به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست، ٢٥یان به ھۆی ده‌ڕاسه، ٢٢یان به ھۆی فرێدانی جگه‌ره، ٣٢ رووداوی دیكه‌ش به ھۆی ئاگری ده‌ره‌كییه‌وه بوون، به‌ڵام ٤٨ رووداوه‌كه‌ی دیكه ھێشتا ھۆكارهكانیان نادیاره.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كراوه كه له كۆی ئاگركهوتنهوهكاندا، ٩٤یان له پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین و ٥٥یان له پارێزگای نه‌ینه‌وا و ٥١ یان له پارێزگای كه‌ركووك و شه‌ش رووداویان له پارێزگای به‌غدا تۆماركراون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ھاتووه كه به ھۆی ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وانه تا ئێستا، ٤٠ ھه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی سووتاوه، ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی ٩٩٢ ھه‌زار دۆنم زه‌وی له سووتان رزگاركراوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.