حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانە پێك ھێناوە، كە دەغڵودانیان سووتاوە. ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانیش دەڵێت، ھیچ ئامارێكی فەرمی نییە لەسەر ئەو زەوییانەی سووتاون و بڕیارە لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە قەبارەی زیانەكان دیاری بكرێت.
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند" ئێمە بەر لە جەژنی ڕەمەزان داوامان لە وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی عێراق و جێگری سەرۆكی پەرلەمان كردووە، ئەو جووتیارانەی ئەمساڵ دەغڵەكانیان سووتاوە، قەرەبوو بكرێنەوە، ھەر ئەو ڕۆژە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە چوو، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی وەزیری كشتوكاڵ و ژمارەیەك لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی جووتیاران پێك ھاتووە".
لەبارەی ئاماری سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران، ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ دەڵێت" بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، زیاتر لە چوارسەد ھەزار دۆنم دەغڵودان سووتاوە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، تا ئێستا نزیكەی ٢٥ ھەزار دۆنم سووتاوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ ئامارێكی فەرمی لە عێراق لەبارەی سووتانی دەغڵودانی جووتیارانەوە نییە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد" داوای پێكهێنانی لیژنەیەكمان كردووە، بۆ ئەوەی داتای ڕاست و دروست كۆ بكرێتەوە لەبارەی قەبارەی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران، تا بزانین چەند دەغڵ سووتاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.