بهرههم ئهحمهد ساڵح، سهرۆككۆماری عێراق له دانیشتنی سوێندخواردنی سهرۆكی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بۆنهیهكی مێژوویی و گرنگه و پیرۆزبایی له نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان كرد و گووتی: ههمووان چاوهڕوانی زۆریان لێی ههیه، رۆڵی سهرۆك بارزانیشی وهكو یهكهم سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهرز دهنرخێنم و به پێگهی خۆی كاریگهریی گهورهی نواند له سیاسهت و گۆڕانكارییهكانی ناوچهكه، نهخشی خۆی ههبووه.
دهقی گوتاری بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان :
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆنەیەکی مێژوویی و گرنگە وێڕای ئاماژە سیاسییەکانی، هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێی پێشکەوتن و ئاشتەوایی و ئاوەدانی بۆ کوردستان و بۆ عێراق.
لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، ئەو چاوەڕوانیە زۆرانەی هەمووان لێمان هەیە، بەپێویستی دەزانم بە رێز و پێزانینەوە رۆڵی جەنابی کاک مەسعود بارزانی بەرز بنرخێنین وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەو پێگەو سەنگە دیارەی کاریگەری گەورەی نواند لە رێبەرایەتی هەرێمی کوردستان و لە قۆناخی سەختی گۆڕانکاریەکاندا نەخشی لەبەرچاو و بڕیاردەری هەبووە.
لێرەشەوە بەپێویستی دەزانم سوپاس و پێزانین بۆ کاک کۆسرەت رەسوولی جێگری سەرۆکی هەرێم بە هەمان بۆنەوە دووپات بکەمەوە.
دڵنیام کەسایەتییە گەورەکان و کاریگەرەکان بە پلە و پۆستەوە دیاری ناکرێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم رۆڵ و کاریگەری کاک مەسعود بۆ قۆناخی ئاییندە هەر بەردەوامە، ئەو کاک مەسعودەی سەروو 50 ساڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆڵی گەورەی لە رەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و رێبەرایەتی خەڵکی کوردستان هەیە، چاوەڕوانی ئەوەمان لە کاک مەسعود دەبێت بۆ ئەم قۆناخەی ئاییندەش بەدڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی تازەو حکومەتی هەرێمی تازە، بەڵام هاوکاری ساڕێژبوونی برینەکانی ناو ماڵی کورد و یەکخستنەوە هێز و تواناکانی خەڵکی کوردستان بێت.
سەردەمانێک کاک مەسعود و جەنابی مام جەلال پێکەوە بۆ ویژدانیش بە هاوکاری و پشتیوانی کاک نەوشیروان توانیان قۆناخێکی سەخت و دژوار تێپەڕینن و کوردستان لە قۆناخی دڵەڕاوکێ و ئەگەری جیا جیاوە بۆ قۆناخی ناساندنی دەستووری و پێگەی دەستووری لەناو عێراقدا بسەلمێنن. ئەو رۆڵە رۆڵێکی گرنگ بووە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرز رابگرین.
خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەی قوربانی زۆری داوە تاوەکو بەم رۆژگارە گەیشتووە، تاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی گەرمیان و بارزان و دۆڵی جافایەتی و هەڵەبجە و سەردان شاروشارۆچکە و هەزاران گوندی وێرانکراو و خاکی سووتماککراو، قوربانی و خەباتی پێشمەرگە و شەهیدە نەمرەکانمان هەوێنی ئەو دەستکەوت و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆی کوردستانن.
بۆیە دەبێت بەرز ئەو دەستکەوتانە رابگرین و بە هەموو توانامانەوە هەوڵی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە بدەین بە یەکڕیزی گەلەکەمان، هەروەها بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و چاکسازییەکی بنەڕەت و بەرقەراربوونی دادپەروەری و حکومڕانییەکی تەندروستترو باشتر، هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەم بۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
هەموومان دەزانین دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز و دژوارە، پێشبینیکردنیش بۆ ئاییندە زۆر روون نییە. خەڵکی عێراق لە رابردوودا تاڵاوی چەندین جەنگی سەپێندراویان چەشتووەو شەڕی نەخوازراوی ماڵوێرانکەریان بەسەردا سەپێندراوە، دواینیان شەڕی تیرۆریستانی داعش بوو، کە بە خەباتی پڕ سەروەری و هاوکاری و هاوسەنگەری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی و دۆستان، توانرا دوای قوربانیدان و خۆبەختکردنێکی زۆر سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر مرۆڤکوژانی داعشدا تۆمار بکرێت.
پاراستنی ئەو سەرکەوتنە ئەرکی گەورەمانە، لەسەر ئاستی عێراق و بگرە ناوچەکە و جیهانیش، ئەمەش بەوە دەبێت بە پتەوکردنی یەکڕیزی خەڵکی عێراق، هێزە سیاسییەکان و بە رێگەگرتن لە تێوەگلان لە شەڕێکی دیکە و ئاژاوەیەکی دیکە، بە هەوڵی دوورخستنەوەی وڵاتەکەمانە لە سەنگەربەندییەکانی ململانێیەکانی ناوچەکە، هەوڵمان بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و چارەسەری ناکۆکییەکان لە ئاستی ناوچەکە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەو هەموو شەڕ و شۆڕ و کارەسات و شەپۆلی تووندڕەوییە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە لە پێکهێنانی سیستەمێکی هاوکاری سیاسی و ئابووری بۆ پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی و رێزگرتن لە مافی گەلان و ئازادی و دیموکراسی.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.