سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر بۆ جاری دووەم پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
حەیدەر عەبادی لە توویتێکدا دەڵێت" پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ پۆستە نوێکەی. ئەم بۆنەیە دەقۆزمەوە بۆ جەختکردن لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتی لە نێوان هەموو نەتەوەکان و ئایینەکان و پێکهاتەکانی عێراق. جەخت لەسەر بەرپرسیارێتییە نوێکانی دەکەمەوە کە پێویستە بەکاربهێندرێن بۆ بەهێزکردنی یەکێتی عێراق و سەروەریی و دادپەروەرانە دابەشکردنی سامانەکانی. عێراق بۆ عێراقییەکانە و ئەرکی دڵسۆزیی بۆی، لەسەر شانیانە".
لەدوای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و ئەمڕۆش لەدوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد جارێکی دیکە پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-6-2019 لە رێوڕەسمێکی گەورە و بە ئامادەبوونی سەدان میوانی کوردستانی، عێراقی و جیهانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوێندی یاسایی خوارد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.