ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەفەڕمی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگاكە دەكات و جێگری پارێزگاری موسڵ، داوایانكردووە نێو سەنتەری شار بە پۆلیسی ناوخۆ بدرێت و دەوروبەری موسڵیش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عیراقەوە بپارێزرێت.
سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری موسڵ ڕاگەیاند: جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ زیادیكردووە و بەهۆی كەمیی هێزی ئەمنی و سەربازییەوە لە سەنتەری موسڵەوە تا دەگاتە ناوچەی شنگال و سنوری سوریا داعش دەستی بە جووڵە كردووەو پەرەیسەندووە.
جێگری پارێزگاری موسڵ ئاماژەی بەوەشداوە: داوامانكردووە پاراستنی دۆخی ئەمنیی نێو شاری موسڵ بە پۆلیسی ناوخۆ بسپێردرێت و دەوروبەری موسڵیش بە هەمانگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا پارێزگاریی لێبكرێت و هێزێكی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی تێدا جێگیر بكرێت.
سیروان ڕۆژبەیانی ڕوونیشیكردووتەوە: داوامان كردووە بۆ ئەو شوێنانەی كوردستانین لە دەوروبەری موسڵ هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و دۆسیەی پاراستنی ناوچەكە بە پێشمەرگە بدرێت.
پ: سامان زاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.