له لێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمریکا، مەحمود محەمەد گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگهیاند: هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە لەم چەند ڕۆژەی ئەم مانگەی ماوە، بهر له 1ی 7ی 2019 و دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبێت و لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت .
وتیشی: ههنگاوهكان خێران و تهنانهت ڕێککەوتنەکانمان لەسەر پۆستی وەزارەتەکان کردووە.
ههروهها ئاشكرای كرد: سەرۆکی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕەنگە تێبینی لەسەر کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان هەبێت و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، چونکە دەیەوێت کابینەیەکی سەرکەوتووی هەبێ.
گوتیشی: دوای سەردانەکانی شاندەکەی پارتی بۆ لای لایەنەکان ڕەنگە چەند ڕۆژێکی تر بەدەستەوە بمێنێ، بۆیە لەوانەیە ئەگەر لایەنێک، وەزیرێک یا دوانی پێ ساغ نەبوبێتەوه، یان هێشتا بڕیاری نەدابێت، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە کابینە پێکبێت، دواتر کە پۆستە بەتاڵەکان مایەوە پڕبکرێتەوە، جهختیشی كردهوه كه من وای بۆ دەچم نەگاتە ئەو ئاستەش.
سەبارەت بەداواکاری و مەرجی یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک، گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشكرایكرد: کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەبێت کاندیدی هەردوولامان بێت و نابێت ئهوان بیسهپێنن.
گوتیشی: ئەگەر کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هی یەکێتی بوایە و بۆی دابنرایە من دڵنیام ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوستان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بکەن بە پارێزگاری کەرکوک.
راشیگهیاند: ئێمە بە دڵنیاییهوه ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی و ئەو ڕێککەوتننامانەی کە هەمانە لەگەڵییان دەکەین.
ههروهها ئاشكرای كرد: لهگهڵ یهكێتی ڕێككهوتوین ههرسێ پاكێجی بهغدا و كوردستان و كهركوك جیاواز بێت نەک تێکەڵاوییان بکەین و بیانکەینە بەدیل و قوربانی یەکتری، بۆیە ئەوانیش ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئێمە کرد.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.