Erbil 38°C دووشەممە 02 ئازار 02:24

مه‌کته‌بی سیاسی پارتی: مەحموود سەنگاوی بێ بیانو بەسەر پارتیدا دەرشێتەوە

راگەیاندراوێک لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە قسەکانی مەحموود سەنگاوی بڵاوکردەوە هاتووە، ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك) كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیایانە ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بە پشوو درێژی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی و، بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان، زەمینەی لێك تێگەیشتن و پێكھاتن لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان ھاتووتە ئاراوە و گرێ کوێرەکان کراونەتەوە و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەم گەیشتونەتە دوا قوناغ كە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەروانی دەكەن بۆ رۆژانێكی باشتر و ئیستقڕاری سیاسی و ئابووری. لەو كاتەدا کە ناوچەكەو دەوروبەرمان لەبەردەم پێشھات و ئەگەری جۆراوجۆردان كەپێكەوەبوون و كاركرنی ھاوبەش لە ھیزە سیاسیەكان چاوەڕوان دەكرێت، كەسێكی وەكو مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) نەك ھەر نامەسئولانە خۆی دەكاتە دەمڕاستی یەكێتی، بەڵکو بەریشدەدرێتە پارتی و رەمزی كوردستانمان.!

خەڵكی كوردستان چاوەروانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقلانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات كە ئەگەر ھەر لە قاموسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانو بەسەر پارتیدا دەرشێتەوە كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جورە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەرێت بکرێت، تێكدانی ئیستقڕار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت.

ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك) كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیا ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان.

بەداخەوە رەوشی ناوخۆی (ی.ن.ك) بەم رۆژە گەیشتووە كە لە مستەوای مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و دوا جاریش خیتابی سیاسییان خەریکە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەراشەکان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیکتفابکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحمود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن...

ئێمە لە پارتی دیموكراتی کوردستان چاوەروانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەبوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقلیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەرنگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن.

دڵگرانیشین كە ئەو جۆرە كەسانە ببنە قسەكەر و مدافعی یەكێتی و حەیف بۆ ئەو ھەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵكی كوردستان كە خیتابی سیاسی كەم و زۆر بكەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی راسپاردەكان...

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
2019\6\18

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.