راكۆ تاهیر ئه‌حمه‌د كوڕێكی نابینای ته‌مه‌ن 18 ساڵانه و قوتابی قۆناغی شه‌شه‌می به‌شی وێژه‌یی خوێندنگه‌ی سه‌ڵاحه‌ددین بووه له شاری سلێمانی، ئه‌و له تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ئه‌مساڵ كه پێش چه‌ند رۆژێك راگه‌یه‌ندرا توانی ئه‌نجامێكی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێت و به‌به‌ده‌ستهێنانی كۆنمره‌ی 96 له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له پله‌ی سێیه‌م بێت.
به‌و بۆنه‌یه‌وه ئه‌مڕۆ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت له سه‌نته‌ری رۆشنا تایبه‌ت به نابینایان له شاری سلێمانی سازكرا و به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له میوانان و نابینایان، خه‌ڵاتی رێزلێنان پێشكه‌ش به راكۆ كرا كه وه‌ك نابینایه‌ك توانی ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ست بهێنێت.
راكۆ له باره‌ی چۆنێتی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پله به‌رزه‌وه گوتی: به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئه‌نجامه دوای هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆر هات، ئامانجم زۆر بوو كه نمره‌یه‌كی به‌رز به‌ده‌ستبهێنم، ته‌نانه‌ت خه‌ونم بوو كه زۆر شه‌و خه‌ونم به به‌ده‌ستهێنانی نمره‌یه‌كی به‌رزه‌وه ده‌بینی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆ هاتنه‌دی ئه‌و حه‌زه‌م زۆر هه‌وڵمدا و مامۆستاكانیش پشتیوانی زۆریان كردم".
ئه‌و له باره‌ی شێوازی خوێندنه‌وه و كۆششكردنی له وانه‌كاندا دوا و گوتی: "هاوینی رابردوو ده‌ستم به هه‌وڵ و كۆشش كرد به‌تایبه‌ت وانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزیم له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌واو كرد، دواتر له كاتی ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندن مامۆستا هه‌ر ئه‌ركێكی به‌سه‌ر ده‌داین جێبه‌جێم ده‌كرد و له مانگی ئاداری رابردووشه‌وه خۆم یه‌كلاكرده‌وه بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ و رۆژانه 12 تا 13 كاتژمێر كۆششم ده‌كرد".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی راكۆ وه‌ك كه‌سێكی نابینا چۆن توانی خۆی بۆ ئه‌و قۆناغه سه‌خته ئاماده بكات و به‌چ رێگایه‌ك وانه‌كانی ده‌خوێنده‌وه و كۆششی ده‌كرد، ئه‌و له وه‌ڵامدا گوتی:" كه‌سانی چاوساغ به چاو كۆشش ده‌كه‌ن و ده‌خوێننه‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی نابینا كه كۆشش ده‌كه‌ین له رێگه‌ی بیستنه‌وه ده‌بێت و به گوێ كۆشش ده‌كه‌ین، به‌جۆرێك وانه‌كان بۆ ئێمه تۆماركراوه و چه‌ند لایه‌نێك هه‌موو وانه‌كانیان بۆ تۆمار كردوین و له رێگه‌ی فلاش پله‌یه‌ره‌وه گوێی لێده‌گرین و ده‌یڵێینه‌وه، ئه‌گه‌ر پێویستیشی به‌له‌به‌ركردن بێت ئه‌وا له‌به‌ری ده‌كه‌ین.
راكۆ تاهیر له‌ئێستادا و دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نمره به‌رزه، به‌دڵخۆشییه‌وه چاوه‌ڕوانی قۆناغی داهاتووی ده‌كات و ده‌یه‌وێت له به‌شی یاسا درێژه به خوێندن بدات و ببێته پارێزه‌ر ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گوتی:" به‌شی یاسا په‌یوه‌ندی زیاتری به خه‌ڵكه‌وه هه‌یه ، منیش مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌شه ته‌واو بكه‌م و له رێگه‌ی كاری پارێزه‌رییه‌وه بتوانم په‌یامی خۆم بگه‌یه‌نم و خزمه‌ت به كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری خۆم بكه‌م"
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.