Erbil 38°C پێنجشەممە 27 ئاب 22:29

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی هێزی هاوپەیمانان دەکات ‌

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زیادکردنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانن
کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ دووشەممە 1/7/2019 مه‌سرور بارزانی راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێکی باڵای سەربازی هێزی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی جەنەڕاڵ گرنک ویچ جێگری فەرماندەی فه‌رمانده‌یی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا كرد.

له‌م دیدارەدا پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێ كرا.

لەمیانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵ و کاریگەری هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانی دەسکەوتە سەربازییەکان، دووپاتی لە پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کردەوە.

لەبەرامبەردا شاندی باڵای هاوپەیمانان، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگییەکان، هیوای سەرکەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دووپاتیشیان کردەوە، کە بەردەوامی هەماهەنگییەکان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان.

لەپەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لەسەر جێگیرکردنی میکانیزمی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان کرایەوە.

11

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.