Erbil 38°C پێنجشەممە 27 ئاب 22:28

رووسیا ده‌خوازێت په‌یوه‌ندى بارزگانی و وەبەرهێنان و دیپلۆماسی له‌گه‌ل هه‌رێمى کوردستان په‌ره‌ پێبدات

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە كۆنسووڵی نوێی رووسیا كرد
کوردستان TV
100%

هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە ئۆلێگ لێڤین، كۆنسووڵی گشتیی نوێی رووسیای فیدڕاڵ لە هەرێمی كوردستان كرد.

هۆشیار سیوەیلی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز لێڤین كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و رایگەیاند، كە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەی هەموو هاوكارییەكە.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا، تاووتوێی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان كرد و، بەڕێز سیوەیلی بە وردی تیشكی خستە سەر دواقۆناغی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت كەمتر لە دوو هەفتە كۆتایی بێت و دەست بە كارەكانی بكات.

بەڕێز ئۆلێگ لێڤین، سوپاسی ئەو پێشوازی و دەرەفەتەی كرد، پاشان پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و رووسیای بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو پەیوەندییە باشە دەربڕی، كە لە نێوان حكوومەتی رووسیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە چەندین قۆناغی باشی بڕیوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا و هیوای خواست كە هەردوولا هەماهەنگیی زیاتر و كاری باشتر پێكەوە ئەنجام بدەن بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشەوەچوون و فراوانكرن و بەهێزبوونی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا.

هەر لەو دیدارەدا، بەڕێز كۆنسووڵی گشتی باسی لە بەرنامەی كاری خۆی كرد بۆ ئەو ماوەیەی كە لە هەرێمی كوردستانە، ئەویش بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیە كە بوارە جیاوازەكاندا هەن و فراوانكردنیان بۆ بوارەكانی تری وەكو بارزگانی و وەبەرهێنان و ئەكادیمی و دیپلۆماسی، كە مەبەست لێی زیاتر سوودوەرگرتنە لە تواناكانی هەردوو نەتەوە لە یەكتر و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.

لە میانەی ئەو دیدارەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بۆ شاندی میوان باس كرد و رایگەیاند، كە دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە تاكو هەردوولا بیقۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان، كە بۆ ماوەی پازدە ساڵە بێ چارەسەر ماونەتەوە، لە كاتێكدا كە لە دەستووردا كاتی بۆ دیاری كراوە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتەكانی پێشوو ئیرادە و نیازی جێبەجێكردنیان نەبووە.

گوتیشی" پێشێلی دەستوور ببووە كارێكی ئاسان لە لایەن حكوومەتەكانی پێشووەوە، بۆ نموونە بەكارهێنانی هێز و بڕنی بەشەبوجە و بێبەشكردنی هێزی پێشمەرگە لە راهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكان".

لەو دانیشتنەدا، هۆشیار سیوەیلی باسی لە سەردانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەغدا، كە چاوی كەوت بە نوێنەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئامانج لێی هەماهەنگی و هاوكاریكردنی عێراقە بۆ چارەسەری كێشە نێوخۆییەكان، كە دەستوری عێراق بنەمای بێت و چەسپاندنی فیدراڵییەت لە عێراقدا، كە لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەكە و جیهانیشە.

لە كۆتاییدا هەردوولا بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و كاریگەرییەكانیان تاووتوێ كرد و هاوڕا بوون كە گفتوگۆ باشترین چارەسەرە و پەنابردن بۆ هێز ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكوو ئاڵۆزتریان دەكات و كێشە و گرفتەكان درێژ دەكاتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.