Erbil 38°C ھەینی 28 ئاب 04:32

پشووی قوتابخانەکان بازاڕی پاسکیلی گەرمکردووە

باوک و دایکان لە کاتی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بۆ هاندانی مناڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش بەڵێنیان پێدەدەن بە کڕینی پاسکیل
کوردستان TV
100%

زۆربەی باوک و دایکان لە کاتی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بۆ هاندانی مناڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش و سەرکەوتن، بەڵێنیان پێدەدەن بە کڕینی پاسکیل، ئەمەش بازاڕی فرۆشیارانی پاسکیلی گەرمکردووە. فرۆشیاران و بازرگانانیش نایشارنەوە زۆرترین فرۆشیان لە وەرزی هاوین ساڵانە 230 هەزار پاسکیل هاوردە دەکەن.

سەربەست خدر، فرۆشیارێکی پاسکیلە لە هەولێر بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: بەراورد بە ساڵی ڕابوردو بەهۆی باشتر بوونی دۆخی دارایی و دابەشکردنی موچە ئەمساڵ فرۆشمان زۆرترە.

سەربەست خدر، دەشڵێت:" بە بەراورد بە پێش پشووی هاوین واتا لەوکاتەی کە قوتابخانەکان کراوەن، فرۆشمان کەمتر دەبێتەوە، ئێستا کە پشووی هاوینە ڕۆژانە نزیکەی 60 پاسکیل دەفرۆشین، بەڵام لەکاتی دەستپێکردنی خوێندن ئەگەر 10 پاسکیل بفرۆشین خێری خودایە.

لەبارەی نرخەکان سەربەست خدر، دەڵێت:" پاسکیلێکی سێ تایەی چینی بە 20 بۆ 25 هەزار دینار دەکڕی، پاسکیلێکی ئێرانی بە 10 بۆ 15 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام پاسکیلێکی سێ تایەی تورکی کە لە هەمووان گرانترە بە 30 بۆ 40 هەزار دینار دەکڕی. 

ئەو فرۆشیارە باس لەوەش دەکات کە خواست زیاتر لەسەر پاسکیلی چینییە چونکە دیکۆری جوانترە لە ئێرانی و تورکی.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 بازرگانی پاسکیل هەن کە لە وڵاتانی چین و تورکیا و ئێران پاسکیل هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

حاجی محەمەد، بازرگانێکی پاسکیلە و بۆ کوردستان تیڤی چیرۆکی ئەو بازرگانانە دەگێڕێتەوە کە پاسکیل دێننە کوردستان، دەڵێت: بۆجاری یەکەم کە گەشتم کرد بۆ چین بۆ هێنانی پاسکیل چومە شوێنێک کە 3 گەراجی گەورەی لێبوو یەکێکیان بۆ ئەمەریکا و ئەویتریان بۆ ئەوڕوپا و ئەوەی دیکەش ئاسیا، کاتێک من کوالێتی ئەوڕوپیم هەڵبژارد خاوەن کارگە پێی گوتم یەکەم جارە عێڕاقیەک ئەو کوالێتیە بکڕێت.

حاجی محەمەد، دەشڵێت:" ساڵانە لە مانگی یەک سەردانی چین   دەکەین بۆ کڕینی پاسکیل چونکە تا مانگی 3 تا مانگی 4 دەگاتە کوردستان. بەڵام لە ئێران وانیە مۆدیلاتیان ئامادەیە، لە تورکیاش بەهەمان شێوە.

حاجی محەمەد، باس لەوەش دەکات کە هەر یەک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دە هەزار پاسکیل هاوردە دەکەین. بەڵام لەسادا 85 ی لە چین هاوردە دەکەین.

فەخری سوبحی، بازرگانێکی پارێزگای دهۆکە بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئێمە جگە لە کوردستان بەشێکی زۆری فرۆشمان بازاڕەکانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاقە.

فەخری سوبحی، دەشڵێت:" بازرگان هەیە بەهۆی لاسایی کردنەوە هەمان ئەو پاسکیلانەی من دەیفرۆشم بە کوالێتیەکی نزمتر بە نرخێکی هەرزانتر دەیفرۆشێت ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمە هەبووە..

بەپێی خەمڵاندنی هاوردەکردنی بازرگانان کە ژمارەیان 23 بازرگانە و ساڵانە بڕی 10 هەزار پاسکیل هاوردە دەکەن، ئەوا ساڵانە بڕی 230 هەزار پاسکیل هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە بازاڕەکانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاق دەکرێن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی- سیامەند کەریم

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.