راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان رایدهگهێنێت ، ده‌رباره‌ی پرس و رووداوه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئێستا و به‌تایبه‌تی لێكه‌وته زیانبه‌خشه‌كانی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌و سوپای توركیا له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روها دروستكردنی گروپێكی چه‌كداری ده‌مامكدار له‌ناو هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه ، هه‌ندێ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه بۆ فه‌رمانه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌غدا سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵكردنی حه‌شد به سوپای عێراق، هه‌روها سه‌باره‌ت به ناوچه جێناكۆكه‌كان و هه‌نگاوه هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی و وته‌بیژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، رایگه‌یاند:
ململانێی نێوان په‌كه‌كه و توركیا و كرده‌ی سه‌ربازییان له‌ناو خاكی هه‌رێم ، رووداوی نوێ نین ، زۆر جار حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵیداوه ئه‌م كێشه‌یه نه‌هێڵێ، هه‌روها له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی به‌غداش هه‌وڵدراوه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌گه‌ڵ توركیا چاره‌سه‌ر بكات، چونكه كێشه‌كه ، كێشه‌یه‌كی سیادیه، هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ده‌بێ سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزێ، بۆیه ئه‌ركی حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه ئه‌م كێشه‌یه له‌گه‌ڵ توركیا چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌روها وتی: ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی زۆرمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی درواسێ به‌تایبه‌تی توركیا‌و ئێران هه‌یه و زیاتریش له رووی ئابوریه‌وه ، بۆیه بوونی شه‌ڕو ئاژاوه له‌سه‌ر سنوره‌كان كێشه بۆ ئه‌م بهرژهوهندیانهمان دروست ده‌كات ، هه‌روها راسته‌وخۆ كێشه بۆ هاوڵاتیانیش دروست ده‌كات، تا ئێستا به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌و توركیا 400/450 گوند چۆڵكراون و دانیشتوانه‌كانیان ماڵ و زه‌وی و سه‌رچاوه‌ی بژێوییان له ده‌ستداوه، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه زیانی گیانی به‌رچاو به هاووڵاتیانی سڤیل كه‌وتووه‌و دووچاری شه‌هید بوون و بریندار بوون كراون و بونه‌ته قوربانی ئه‌و ململانێیه.
له به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا، وته‌بێژی وه‌زاره‌ت وتی: ده‌بێ ئه‌و لایه‌نه چه‌كدارانه تێبگه‌ن كه، به‌كارهێنانی ئه‌م هه‌رێمه‌و سنووره‌كانمان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێمان ده‌بێته هۆی تێكدانی بارودۆخ و كه‌شی ئاسایش له هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا. ناكرێ له‌م هه‌رێمه‌دا كه حكومڕانی خۆی هه‌یه‌و وڵاتێكی تره، ئه‌وان به‌كاریبێنن و لێره‌وه هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی تر بكه‌ن. ده‌بێ ئه‌و لایه‌نانه رێز له یاسا‌و رێنماییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرن و له‌بری كێشه نانه‌وه ئه‌وان هاوكاری ئه‌م هه‌رێمه‌و ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی كورد بن، كه له به‌رژه‌وه‌ندی گشت كورد‌و هه‌موو به‌شه‌كانی تری كوردستاندایه.
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌مینداری گشتی رایگه‌یاند: ئێمه له ئێستادا پرۆژه‌مان ئاماده‌كردوه‌و له هه‌وڵداین ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ن لای حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنن و رێكیان بخه‌ین له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و گه‌شبینین به سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵانه‌مان و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له كابینه‌ی نوێ‌دا پرۆژه چاكسازییه‌كه‌مان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆیه له‌م كاته‌دا دروستكردنی گروپی چه‌كداریی نا یاسایی و نا ئاساییه. دروستی بوونی ئه‌و گروپه چه‌كداریه هه‌ڵه‌یه‌و هه‌رێمی كوردستان هێزی فه‌رمی خۆی هه‌یه‌و ئه‌وان ده‌توانن كوردستان بپارێزن و نابێت هیچ هێزێكی نایاسایی هه‌بێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و هێزانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن نه‌هێڵین، جا چۆن ده‌بێ له‌م كاته‌دا هێزێك له‌لایه‌ن حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی تره‌وه له‌ناو هه‌رێم دروست بكرێ له ده‌ره‌وه‌ی یاسا‌و بۆ دژایه‌تی وڵاتێكی تر.
داواده‌كه‌ین ئه‌و ململانێ چه‌كداریه له‌سه‌ر سنوری هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێ و كێشه‌كان به گفتوگۆ و ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێن، داواده‌كه‌ین خاكی هه‌رێم بۆ هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی دراوسێ به‌كارنه‌هێنرێ، بۆئه‌وه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ بكرێ و چیتر بیانو بۆ ئه‌و تۆپبارانانهش نه‌درێ به‌ده‌سته‌وه، ده‌مانه‌وێ گوندنیشینان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه گوند‌و شوێنه‌كانی خۆیان و چیتر هاووڵاتی سڤیل شه‌هیدو بریندار نه‌بن.
ده‌رباره‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان و پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه، ئه‌مینداری گشتی و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئاماژه‌ی به دروستبوون و هه‌نگاوه‌كانی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق دا‌و وتی، ئێستا میكانیزمێكمان ئاماده‌كردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له رۆژانی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و به‌رگری عێراق ئه‌نجامبدرێ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزمێك بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان له خانه‌قینه‌وه تا موسڵ.
سه‌باره‌ت به فه‌رمانه 10 خاڵیه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق كه تایبه‌ته به حه‌شدی شه‌عبی (فه‌رمانی ژماره -237 – له 1/7/2019) و تیایدا بڕیاری تێكه‌ڵكردنی ئه‌و هێزانه‌ی به سوپای عێراق ده‌ركردووه‌و له‌وباره‌یه‌وه هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردبوو گوایه، پێویسته ئه‌و فه‌رمانه هێزی پێشمه‌رگه‌ش بگرێته‌وه، له‌وڵامدا فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، رایگه‌یاند:
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھێزێکە دەیان ساڵە دروست بووە، ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەساڵی ٢٠١٤ و بەھۆی فەتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق عەلی سیستانی دروست بوو دوای ئەوەی داعش ھێرشی بۆ سەر عێراق کرد و چەندین ناوچەی خستە ژێر رکێفی خۆی و ھەڕەشەی گرتنی شوێنی دیکەشی دەکرد. به‌ڵام پێشمه‌رگه ھێزێک نییە لە حاڵەتێکی لەناکاو دروست بووبێت، بۆیە جیاوازیی ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی حەشدی شەعبی، ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی شەرعییەو لەچوارچێوەی وەزارەتێکی فه‌رمییە و ھەروەھا دەستوور رێگەی دروستبوونی پێداوە، بەڵام ھێزی حەشدی شەعبی لە حزبە شیعییەکان دروست بوون لەکاتێکی لەناکاو بۆ شەڕی داعش، بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری بەپێی یاسا رێکبخرێنەوە.
دارشتنهوهى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.