له چه‌ند رۆژی ڕابردوودا، هه‌ندێ میدیای نزیك له په‌كه‌كه، تۆمه‌تێكی ناڕه‌وایان خستۆته پاڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه گوایه له كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كیان تێوه‌گڵاون، به‌داخه‌وه چه‌ند ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی په‌ره‌یان به‌م تۆمه‌ته بێبنه‌مایه داوه.
ئێمه له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رله‌به‌ری ئه‌م تۆمه‌ته ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه. وێڕای ئه‌مه‌ش ئه‌م هه‌وڵه میدیاییه چه‌واشه‌كارانه ناتوانن ئه‌و ڕاستییه بشارنه‌وه، كه بوونی په‌كه‌كه به‌م شێوازه‌ی ئێستایان له هه‌ندێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان هۆكارێكی سه‌ره‌كییه، بۆ ڕاكێشانی شه‌ڕ و نائارامی بۆ ناو هه‌رێم. چه‌ندین ساڵه‌ش رێگرن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر له هه‌شت سه‌د گوند و ئاوایی هه‌رێمی كوردستان. به‌داخه‌وه به‌م دواییانه‌ش چه‌كدارانی په‌كه‌كه خۆیان خستۆته په‌نای گوند و ئاواییهكانمان و به‌م هۆیه‌شه‌وه هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونه‌ته قوربانیی پێكدادانی نێوان په‌كه‌كه و توركیا.
لێره‌دا جارێكی دیكه‌ش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه كۆی سیسته‌می ئیداریی هه‌رێم كه به‌رپرسیاره له پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی، دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی په‌كه‌كه‌یه و خوازیارین كێشه‌كه‌یان بگوازنه‌وه بۆ گۆڕه‌پانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان و ئه‌و ڕاستییه ده‌خه‌ینه‌وه ڕوو كه كوردستانێكی ئازاد پێویستیی به ئازادكردن نیه.
ده‌بێت هه‌موولایه‌ك ڕێز له سه‌روه‌ریی هه‌رێم و دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی بگرن و ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی هه‌رێم بكه‌ن. هاوكات خوازیارین هه‌موو هێزه‌كانی ناوچه‌كه ڕێگه‌ی ئاشتیانه و گفتوگۆ بگرنه‌به‌ر و كۆتایی به خوێنڕشتن بهێنرێت.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
٩/٧/٢٠١٩
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.