ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی سازکرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان به گشتى و بەتایبهتى مووچەخۆران و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی شەهیدانی کرد کە لە ساڵانی رابردوو شانیان دایە بەر بەرگریی کردن و پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان و قارەمانانە بەڕووی هەموو سەختی و ناخوشی و قه یران و ئابڵوقەکان وەستانەوە، بەڵینیشیدا کە درێغی نەکەن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا دوای روونکردنەوەی كارهكانى دەستبەکاربوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژ دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: سبەینێ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغد ا له چوارچێوەى دەستوور.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆک وهزیران چەند بڕیارێکی گرنگى لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوهن وهزیفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رووتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو داموودەزگاکانی حکومەت خسته روو، دواتر بە کۆی دهنگ پهسهندكران .
دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران:
یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوةن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.
دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبن بەکاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیيە لەکاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیَت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.
سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.
چوارەم: دەبێت رووتین لە دامودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت.
هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.
پێنجهم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.