ئه‌مڕۆ وه‌زیری پێشووی پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی وه‌زیری نوێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هاتووه، دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 15/7/2019 له دیوانی وه‌زاره‌ت، كه‌ریم شنگالی وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت و سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌ت و ئه‌مینداری گشتی و سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی ئه‌ركان و ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌رپرسان و فه‌رمانده باڵاكانی وه‌زاره‌ت، پێشوازیان كرد له (شۆڕش ئیسماعیل) وه‌زیری نوێی پێشمه‌رگه.
وه‌زیری نوێی پێشمه‌رگه، به یاوه‌ری شه‌عبان شه‌عبان به‌رپرسی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه گه‌یشته وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و به گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت، وێڕای به‌خێرهێنانی وه‌زیری نوێ و پیرۆزبایی لێكردنی به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه، هاوكات هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر كار‌و هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت له چه‌ند ساڵی رابردوودا و به تایبه‌ت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی چاكسازیی كرده‌وه و گوتی، پرۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌و كاری زۆری له‌سه‌ر كراوه، هیوای خواست وه‌زیری نوێ درێژه به هه‌نگاوه‌كانی پرۆژه‌كه بدات و له‌گه‌ڵ ستافی وه‌زاره‌ت بتوانن سه‌ركه‌وتوانه بیگه‌یه‌ننه ئه‌نجام.
له كۆتایی قسه‌كانیدا، وه‌زیری پێشووی پێشمه‌رگه سوپاسی ستافی وه‌زاره‌تی كرد، كه چه‌ند ساڵێكه پێكه‌وه خزمه‌تیان كردووه‌و هیوای سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامی بۆ خواستن.
وه‌زیری نوێی پێشمه‌رگه‌ش، دوای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ی لێیكرا، ئومێدی خواست بتوانن له‌م ئه‌ركه گرنگه‌دا خزمه‌تی پێویست به پێشمه‌رگه‌و كوردستان بكه‌ن و تیایدا سه‌ركه‌وتوو بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.