شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیا چیای قه‌ره‌چووغ و كه‌مپی مه‌خمووریان بۆردومان كرد.
به‌پێی زانیارییه‌كان، كاتژمێر 12:15 خوله‌كی شه‌وی رابردوو، ژماره‌یه‌ك فرۆكه‌ی جه‌نگی توركیا به‌سه‌ر ئاسمانی كه‌مپی مه‌خمووردا سووڕاونه‌وه و دواتر چیای قه‌ره‌چووغ و به‌شێك له كه‌مپی مه‌خموریان بۆردومان كردووه.
كه‌مپی مه‌خموور تایبه‌ته به‌و هاووڵاتییه كوردانه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له كوردستانی توركیاوه وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و ده‌كه‌وێته دامێنی چیای قه‌ره‌چووغ.
له لایه‌كی دیكه وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه: له تۆڵه‌ی كوژرانی عوسمان كۆسه كارمه‌ندی كونسوڵخانەی توركیا له هه‌ولێر، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیان به‌چڕی پێگه‌كانی په‌كه‌كەیان له‌چیای قه‌ره‌چووغ و كه‌مپی مه‌خموور بۆردوومانكردووه و توانیویانه بنكه‌ی مه‌شق و راهێنانی په‌كه‌كه، بكه‌نه ئامانج و بنكه‌كه به‌ته‌واوه‌تی خاپوور كراوه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس لهوهشكراوه، هێرشبه‌ره‌كه كه ناوی مه‌زلووم دا‌غ بووه كه له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، چوارجار هاتووچۆی كه‌مپی مه‌خمووری كردووه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.