بەڕێزان خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی بارزانییە ئەنفالکراوەکان
لە كاتێكدا هەموو تاكێكی كورد بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە برینی بەسوێی كولایەوە، 36 ساڵی تەواویش بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی هەزاران بارزانیدا تێپەڕبوو كە لە تەمەنی منداڵیەوە تا دوا تەمەنەكانی ژیانی لەخۆ دەگرێت.
ئەنفالی بارزانییەکان و شاڵاوەكانیتری ئەم پڕۆسە مرۆڤكوژییە شۆڤێنییە، شانبەشانی كیمیابارانی هەڵەبجە و خاپوركردنی گوندەكانی كوردستان و تەرحیل كردنیان، برینێكی سارێژ نەبوون لەسەر جەستەی نەتەوەی كورد کە هەرگیز لە یاد و بیرەوەریماندا کاڵ نابنەوە وەک چۆن خاڵێکی رەشیشە بە نێوچاوانی ئەنجامدەرانیەتی.
ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی كوردستان بە ئەركی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و سەرمان بە کەسوکارەکانیان بەرزە و روح و دڵیشمان هەر لەلای ڕوفاتی پیرۆزی پەرش و بڵاویانە لە بیابانەكانی باشوری عێراق.
لە یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانییەكان نەوی دەكەین و سەبووریی بۆ کەسوکاریان لەخوای گەورە داوا دەكەین. درود بۆ گیانی پیرۆزی ئەنفالكراوە بارزانییەكان، درود بۆ گیانی پیرۆزی سەرجەم قوربانیانی ئەنفال و شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆک وەزیران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.