دوو كوڕ لهلایهن هێزهكانی پۆلیسی دهۆكهوه بهتۆمهتی كوشتنی باوكیان و بردنی تهرمهكهی له ههولێرهوه بۆ سنوری پارێزگای دهۆك دهستگیركران.
رۆژی یەکشەممە (28-7-2019) تەرمی شۆفێرێکی تاکسی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی کەڵەک و موسڵ دۆزرایەوە، دوای چوار رۆژ لە دۆزینەوەی تەرمەکەش پۆلیسی دهۆک رایگهیاند: سێ کەس کە دووانیان کوڕی کوژراوەکە بوون، بە تۆمەتی کوشتنی ئەو پیاوە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێمن سلێمان، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیدارایگەیاند: رۆژی 28-7-2019 پۆلیسی دهۆک لە حاڵەتێکی کوشتن ئاگادارکرایەوە، کە کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی کەلەک و موسڵ کوژراوە، دەستبەجێ ئەفسەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە بەردەڕەش و پۆلیسی بەردەڕەش لەگەڵ تیمێکی بەڵگەی تاوان و دادوەری لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کرد.
پۆلیسی دهۆک دهڵێت: لە شوێنی رووداوەکە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلای کەسی کوژراو هەبوون، دەرکەوت کوژراو پیاوێکی تەمەن 58 ساڵە بەناوی سامی سلێمان و دانیشتووی شاری هەولێرە، راستەوخۆش تەرمەکەی بۆ لیکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی داد کرا، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون پێکهێنرا و لە ماوەی سێ رۆژدا ئەفسەر و پۆلیسەکانی ئێمە توانیان چەند تۆمەتبارێک دەستبەسەر بکەن، کە دووانیان کوڕی تاوانلێکراو بوون.
بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک راشیگهیاند لە لێکۆڵینەوەکاندا هەردوو کوڕی تاوانلێکراو دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرن.
ئەوان لە دانپێدانانەکەیان گوتوویانە لە رۆژی 27-7-2019، واتە رۆژێک پێش دۆزینەوەی تەرمەکەی، باوکی خۆیان لەنێو ئۆتۆمبێل لە سەنتەری پارێزگای هەولێر کوشتووە، پاشان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان تەرمەکەیان هەر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بردووەتە سەر رێگەی نێوان ناحیەی کەلەک و موسڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.