Erbil 38°C شەممە 29 ئاب 22:02

هەرێمى کوردستان و تورکیا 3 بەنداو بە هاوبەشى دروست دەکەن

هەولێر و ئەنقەرە گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە
کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو سەربە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد رایگەیاند "ئەنقەرە و هەولێر گەیشتوونەتە رێککەوتن و لەئێستادا چاوەڕوانى حکوومەتى عێراق دەکەین بۆ ئەوەى رەزامەندى لە رووى ئاسایشەوە دەرببڕێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە.

ئەکرەم ئەحمەد لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەسەر پێشنیازى تورکیا، ئەنقەرە و هەولێر بە هاوبەشى سێ بەنداوى گلدانەوە و عەمبارکردنى ئاو لە سنوورى قەزاى مێرگەسۆرى سەربە پارێزگاى هەولێر دروست دەکەن، سوودێگى گرنگ لە بوارى ئاو و دابینکردنى کارەبا بەتەواوى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت".

ئەکرەم ئەحمەد گوتیشى: "ئەم سێ بەنداوەى کە بڕیارە لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دروست بکرێن، تواناى گلدانەوە و عەمبارکردنى یەک ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە و لە پڕۆژەکەدا ١٢٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، ئەمەیش سوود بە سنوورى قەزاى مێرگەسۆر، پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت".

بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو سەربە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە پێنج رۆژ لەمەوبەر شاندى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ حکوومەتى عێراق کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەبارەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى دروستکردنى بەنداوەکان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتى عێراق لە رووى ئەمنییەوە رەزامەندى دەرنەبڕیوە، دواى دەربڕینى رەزامەندى حکوومەتى عێراق لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەکان، حکوومەتى هەرێم، حکوومەتى تورکیا و عێراق دیراسەى چۆنییەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان دەکەین.

ئەکرەم ئەحمەد ژمارەى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هەرێمى کوردستان ١٥ بەنداوى هەیە، سێ لەو بەنداوانە لە لایەن حکوومەتى پێشووى عێراق دروستکراون، ١٢ بەنداوى دیکەش دواى راپەڕین لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر رووبارە هەمیشەیی و وەرزییەکان دروستکراون، کۆى گشتى بەنداوەکان لە توانایاندایە زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئەمبار بکەن. لە بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخان حکوومەت سوودى وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا و لە ئایندەدا ئەو سێ بەنداوەى تورکیا و هەرێمى کوردستان رێککەوتنیان کردووە هاوشێوەی بەنداوەکانى دیکە لە رووى بەرهەمێهێنانى کارەباوە سوودیان لێوەردەگیرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.