نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان جموجۆڵی خستووەتە نێو بازاڕی ئاژەڵ فرۆشان، ئەمەش وایکردووە ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان بخەنە بازاڕ و بیفرۆشن.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربان نزیکەی 2 هەزار مەڕ و بزن و زیاتر لە 800 ڕەشەوڵاغ سەردەبڕێن، لە چوار ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار ئاژەڵ لە كوشتارگەكان سەربڕدراون
میقداد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: بەهۆی مەراسیمی قوربانی لە جەژنی قوربان بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی ڕێژەیەکی زیاتر ئاژەڵ سەردەبڕێت، کە پێشبینی دەکەین دوو هێندەی ساڵی ڕابوردوو ئاژەڵ سەربڕێن.
میقداد ئیبراهیم، ڕاشیگەیاند:" لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ڕابوردوو تەنیا لە هەولێر 2537 مەڕ و بزن و 839 ڕەشەوڵاغ لە سەربڕخانەکان سەربڕاون، لە سلێمانی 3 هەزار و 600 مەڕ و بزن، 1800 ڕەشەوڵاغ، لە دهۆکیش، 1600 بزن و مەڕ، 450 ڕەشەوڵاغ سەربڕاون، واتا لە هەموو کوردستان نزیکەی 12 هەزار ئاژەڵ سەربڕاون، لە ڕۆژانی ئاسایی لەهەر پارێزگایەک لە سەربڕخانەکان 800 مەڕ و بزن لەگەڵ 120 ڕەشەوڵاغ سەردەبڕێن.
سەبارەت هاوردەکردنی ئاژەڵ، دکتۆر میقداد، دەڵێت:" بەشێک لە ئاژەڵەکان تایبەت مەڕ و بزن خۆماڵین بەڵام بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی جۆرجیا و بەڕازیل و ئۆکرانیا هاوردە دەکرێن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 4 ملیۆن مەڕ و بزن هەن، لەگەڵ 300 هەزار ڕەشەوڵاغ، بەشێکیان لە ماڵان و گوندەکان بەخێو دەکرێن بەشێکیشی بەشێوەی پڕۆژە بەخێو دەکرێن.
هەر بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، ساڵی 2017 زیاتر لە 135 هەزار ئاژەڵ، ساڵی 2018 نزیکەی 110 هەزار ئاژەڵ، شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 60 هەزار ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
بە گوێرەی ستانداردی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 41.2 كیلۆگرام گۆشت هەیە، لەم بڕەش 14.4 كیلۆگرام بۆ گۆشتی سوور دانراوە.
بۆ ڕۆژانی جەژن و بۆ قوربانی کردن ئەو ئاژەڵانە سەردەبڕێن کە کێشیان زۆرە و بەباشی بەخێوکراون، ئەمەش بەراورد بە ئاژەڵی ئاسایی و لاوازتر نرخیان گرانترە.
ئەوەی زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ قوربانیکردن ئاژەڵە بچووکەکانە وەک مەڕ و بەران و بزن، کە سەرجەمیان بە ئاژەڵی گەورەش وەک ڕەشەوڵاغ دەبێ نێرینەبن.
ئەمیر حوسێن، یەکێک لە بازرگان هاوکات گاوداری گوندی زورگە زراوە دەڵێت: ساڵانە زۆر تایبەت ئاژەڵەکانمان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەین کە تێچووی بەخێوکردنیان زیاتر دەبێت چونکە دەبێ قەڵەو و بە گۆشت بن بۆیە ئالیک و خواردنی باشیان پێدەدەین.
ئەم بازرگانە نایشارێتەوە لە جەژنی قوربان کیلۆی گۆشتی هەر ئاژەڵێک هەزار تاوەکو دوو هەزار دیناری دەچێتە سەر، بۆ نموونە لە ڕۆژانی ئاسایی نرخی کیلۆیەک گۆشتی ڕەشەوڵاغ بە 5 تا 5500 دینارە بەڵام لە جەژن دەبێتە 7 هەزار دینار.
ئەمیر حوسێن، باس لەوەش دەکات:" ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابوردوو کڕیار زۆرتر دەبێت، چونکە لە ئێستاوە زیاتر لە 20 ئاژەڵی بچووک و 13 ئاژەڵی گەورەی فرۆشتووە بەڵام لای خۆی ڕایگرتوون تا ڕۆژی جەژن.
لە جەژنی قوربان گۆشتفرۆشەکانی بازاڕ زۆربەیان دوکانەکانیان بێ گۆشت دەهێڵنەوە چونکە کاری سەرەکییان سەربڕینی ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ماڵان سەردەبڕێن.
سامانی قەساب، کە دوکانەکەی لە تەیراوەی شاری هەولێرە بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: 20 ڕۆژ پێش جەژن ئەوانەی کە دەمناسن نۆرە دەگرن بۆئەوەی لە ڕۆژانی جەژن ئاژەڵیان بۆ سەرببڕم و کەوری بکەم.
سامان، دەشڵێت:" لە ڕۆژانی ئاسایی هەر ئاژەڵێک کە سەریدەبڕین و کەولی دەکەین 30 بۆ 35 هەزار دینار وەردەگرین، بەڵام لە ڕۆژانی جەژن بۆ هەر ئاژەڵێک 80 بۆ 100 هەزار دینار وەردەگرین.
سامانی قەساب، باس لەوەش دەکات، زۆرتر خەڵک لە ماڵی خۆی ئاژەڵەکە سەردەبڕێت چونکە بیر و باوەڕیان وایە کە ئەگەر خۆیان ناوی خوای لێنەهێنن و بانگ نەدەن لەبنگوێی ئاژەڵەکە و لەپێشی ناوی کەسەکان نەهێنن قبوڵ نابێت.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.