ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەربازیی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی گەیشتنە رێککەوتن و دوای ئەوە رێگەی هەولێر- موسڵ کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی داخستنی رێگەی نێوان هەولێر - موسڵ و خۆپیشاندانی لیوایهكی حەشدی شەعبی، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتنە موسڵ کە پێکهاتبوون لە فالح فەییاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عوسمان غانمی، سوپاسالار و جومعە عناد، فەرماندەی گشتی هێزە وشکانییەکانى عێراق.
دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە، فالح فەییاز بەشێک لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی راگەیاند و گوتی" رێککەوتوون كه بازگەی هاوبەش لە دەشتی نەینەوا پێکبهێنرێت، هەروەها بڕیاردراوە 250 خۆبەخشی لیوای 30 لە دەشتی نەینەوا دابمەزرێنن.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەو رێککەوتنە بڕیاردرا خۆپیشاندەران کۆتایی بە گردبوونەوەکەیان بهێنن و رێگەی نێوان هەولێر - موسڵ بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.