دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند كه ده‌ستیانكردووه‌ته‌وه به پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چه‌ند شوققه‌یه‌ك به‌سه‌ر كرێنشینان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن.
دانا عه‌بدولكه‌ریم له لێدوانێكیدا گوتی: ژماره‌یه‌ك شوققه له هه‌ولێر دروستكراوه كه له قۆناغی ته‌واوبووندان و كار له‌سه‌ر خزمه‌تگوازرییه‌كان ده‌كرێت و هیوادارین نه‌گاته دوو مانگی دیكه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش بكرێت.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانا عه‌بدولكه‌ریم له‌باره‌ی ژماره‌ی شوققه‌كان و كێن ئه‌وانه‌ی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا سوودمه‌ند ده‌بن گوتی: ئه‌م شوققانه بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت دروستكراون، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به بابه‌تی كرێنشینان بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی قیست به خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و كرێنشین بدرێت كه ژماره‌یان ٣٩٦ شوققه‌یه.
دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتیشی: پڕۆژه‌كه له ساڵی ۲۰۱۲ه‌وه ده‌ستیپێكردووه كه كۆی گشتی له ھه‌رێمی كوردستان نۆ ھه‌زار و ٤۰۰ شوققه‌یه له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی ھه‌ولێر، سلێمانی و دھۆك، به‌ڵام به ھۆی قه‌یرانی داراییه‌وه پڕۆژه‌كان وه‌ستابوون، ئێستاش پاره ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌و شوققانه‌ی ته‌واوكراون تاوه‌كو خزمه‌تگوزاریان بۆ دابین ده‌كرێت و دواتر دابه‌ش ده‌كرێن.
شوققه‌كان ده‌كه‌ونه سنووری قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر سه‌ربه پاریزگای هه‌ولێر، هه‌ر تاوه‌ری له سێ نهۆم پێكدێت و له‌ئێستادا كاره‌كانی خزمه‌تگوزاری وه‌ك كاره‌با و قیڕتاوكردنی كۆڵانه‌كان ماوه و بڕیاره له دوو مانگی داهاتوودا كاره‌كانی ته‌واو بكرێت و به‌سه‌ر كرێنشیناندا دابه‌ش بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.