سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری جددی دەکات بۆ بە زیاتر دامەزراوەییکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەروەرکردنی یاسا.
ئهمرۆ سێ شهممه دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازیکرد لە (ستیڤ فاگین) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری.
لەو کۆبوونەوەیەدا، د. ئومێد سەباح ستایشی هاوکارییە سەربازی و تەکنیکییەکانی ئەمەریکای کرد کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. هەروەها تیشکی خستەسەر ئەولەویەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، کە بریتین لە چاکسازی، سەروەری یاسا و زیاتر بە دامەزراوەییکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد، و رایگەیاند کە دەست بە گفتوگۆ و دانووستاندن کراوە لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەستووریی و ریشەیی بۆ کێشەکانی نێوان هەردوولا. هەروەها داوای لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا کرد کە ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی حکوومەت و خەڵکی کوردستانی دەکەن فراوانتر بکەن.
لای خۆیەوە، ستیڤ فاگین پشتیوانی خۆی بۆ پرۆگرام و کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، و ئامادەیی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ هاوکاری کردنی حکوومەت لە بوارەکانی چاکسازی و بە زیاتر دامەزراوەییکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.