رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لە هێرشی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات و دەڵێت، هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
رۆژنامەکە پشتی بە زانیاریی چەند بەرپرسێک بەستووە و رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج کۆگایەکی چەک بووە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ گواستنهوهی چەک بۆ سووریا کەڵکی لێوەرگیراوە.
لەماوەی مانگی رابردوودا چەند هێرشی دیکە کراونەتە سەر کۆگاکانی چەکی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و هێشتا دیارنییە چ لایەنێک ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز هێرشی ئەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.
چوارشەمەی رابردووش ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەمریكای بە هێرشكردنی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد.
له لایهكى ترهوه نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لەوەی عێراق بكرێتە ململانێی نێوان زیاتر لە وڵاتێك و دەڵێت، هەر كاتێكیش سەلمێندرا ئیسرائیل دەستی لە بۆردومانكردنی سەربازگەكان هەیە، عێراق وەڵامی تووندی دەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە رادیۆی مەربەد، نووری مالیکی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 12 كۆگای چەك و تەقەمەنی كراونەتە ئامانج، لەو ژمارەیەش هەندێكیان پەردەپۆش كراون.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی گوت "بێدەنگ بوون لە بەئامانجكردن و لێپێچینەوە نەكردن، ئیسرائیل هاندەدات سەرجەم كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی و ئەوانەی دیكەش لە عێراق بكاتە ئامانج".
پێشتر دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكی بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوو ئیسرائیل ژمارەیەك كۆگای چەك و تەقەمەنی لە عێراق كردوونەتە ئامانج، مانگی رابردووش ئیسرائیل لەڕێگەی هێرشی ئاسمانی كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە عێراق كردووەتە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.