ئیداره‌ی یانه‌ی ساگان توسۆ ڕێوڕه‌سمێكی ڕێزلێنانی بۆ فێرناندۆ تۆرێسی هێرشبه‌ری یانه‌كه سازكرد كه دوایین یاری فه‌رمی خۆی له یاریگاكانی تۆپی پێ ئه‌نجامداو به یه‌كجاری وازی له یاریكردن هێنا
تۆرێس خولی ژاپۆنی كرده دوایین وێستگه‌ی یاریكردنی خۆی، ئه‌ویش دوای كاروانێكی دوورودرێژ له یاریگاكانی ئه‌وروپا، تۆرێس له‌به‌رده‌م هانده‌ران ڕایگه‌یاند، هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی به‌خته‌وه‌ره كه توانیویه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌ستكه‌وت و نازناوی به‌نرخ له یاریگاكان به‌ده‌ست بێنێت، تۆرێس گوتیشی، سوپاسی تۆپی پێ ده‌كه‌م كه منی خۆشحاڵ و ئاسووده كرد، جێگای باسه تۆرێسی ته‌مه‌ن سیی و پێنج ساڵ له تیپی منداڵانی یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید ده‌ستی به یاریكردن كردووه‌و دواتر چۆته تیپه‌كانی تازه‌پێگه‌یشتوان و لاوان و پێشكه‌وتوانی یانه‌كه، پاشان له ڕیزی هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی لیڤه‌رپول و چێڵسی و ئه‌ی سیی میلان یاریكردووه‌و چه‌ندین نازناوی له گه‌ڵیاندا بردۆته‌وه، له ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیاشدا، له سه‌دوشه‌ش یاری نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری كردوه‌و سیی و شه‌ش گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌كه تۆماركردووه‌و نازناوی جامی جیهانی دووهه‌زاروده‌و هه‌ردوو نازناوی جامی یۆرۆی دووهه‌زاروهه‌شت و دووههزاردوازدهی له ڕیزی ماتادۆر به‌ده‌ستهێناوه -
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.